نوچەنێت
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت رایدەگەیەنێت، کە یاداشتێکی 14 خاڵییان داوەتە جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەویش بەڵێنی پێداون گەنجینەی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە دروست بکرێت.
لە ماوەی رابردوودا لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە، لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەو شارە و دابەشکردنی پۆستەکانی ژمارەیەك کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، تائێستا ئەنجومەنی پارێزگا پێکنەهێنراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ئەمڕۆ یەكشەممە 2-7-2017، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیرانی تەندروستی، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەروەها بریکاری وەزارەتی ناوخو سەردانی هەڵەبجەیان کرد.
عەلی عوسمان پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەدا یاداشتێکی 14 خاڵییان داوە تە قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵەبجە، بەڵێنی ئەوەشی پێداوین کە بۆ بەگەڕخستنەوەی سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە غەدر لەپارێزگای هەڵەبجەنەکرێت”.
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت گوتیشی “جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵێنی پێداون لە ئایندەیەکی نزیکدا، گەنجینەی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە دروست بکرێت و داهاتی پارێزگاکە لە پارێزگای سلێمانی جیا بکرێتەوە”.