تایبه‌ت: نوچه‌نێت
به‌ڕیوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت، داعش له‌و په‌ری هێزی خۆیدا نه‌یتوانی له كه‌ركوك نزیكببیته‌وه و 17 جار تێكشكینراوه ئیستاش هێرش بکەن، له جاران خراپتریان به‌سه‌ر دێنین. ده‌شڵێت “میدیاكان هه‌ندێ بابه‌ت گه‌وره ده‌كه‌ن”.
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه چه‌كدارانی داعش، له ناوچه‌ی حه‌ویجه و حه‌مرین كه‌وتۆته جوڵه و هێز كۆكردنه‌وه‌و ناوه ناوه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پیشمه‌رگه، به‌ڵام پێشمه‌رگه سه‌رجه‌م هیرشه‌كانی داعشی تێكشكاندووه و پوچه‌ڵی كردوونه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ك ترسی لای هاونیشتمانیان دروستكردووه، وا بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه رێكخراوی تیرۆرستی داعش، به ته‌مای هێرشی فراوانه بۆسه‌ر كه‌ركوك.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك، سه‌باره‌ت به جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش له ده‌ورووبه‌ری كه‌ركوك رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی، كه بڵاوبووه‌ته‌وه، گوایه داعش هێز كۆده‌كاته‌وه و پلانی هه‌یه هێرش بكاته سه‌ر شاری كه‌ركوك، هه‌واڵێكی گه‌وره كراوه. ده‌شڵێت “داعش هێزێكی تێكشكاوه و ئه‌و هێزه‌ی نه‌ماوه شوینی نوی كۆنتڕۆڵ بكات.
عەمید سه‌رحه‌د قادر ئاماژه به‌وه ده‌كات، داعش له‌و په‌ڕی قوه‌تی خۆی دا نه‌یتوانێ كه‌ركوك كۆنتڕۆڵ بكات و له 17 هێرشی یه‌ك دوای یه‌كیدا، له‌لایه‌ن پیشمه‌رگه و هیزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه تێكشكێنراوه، بۆیه به بڕوای عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، داعش هێزێكی تێكشكاوه و ناتوانێ له كه‌ركوك نزیكببێته‌وه.
به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك باس له‌وه‌ش ده‌كات، کە ئه‌م جۆره هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه گه‌وره ده‌كرێن، ئه‌گینا داعش به‌ره‌و نه‌مانه.