نوچەنێت
بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کەرکوک و میحوەری 4ـی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ئەو فڕۆکانەی لەسنووری کەرکوک نیشتوونەتەوە سەر بە ئۆپەراسیۆنە هابەشەکانی بەغدان و بۆ کاری تایبەتی خۆیان چوونەتە ئەوێ. دەشڵێت “سوپای عێراق ناتوانێت بەبێ پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە بەڕێوەببات”.
ئەمڕۆ هەینی 30-6-2017، ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کەرکو،ک کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سنووری کەرکوک و ئەو هەلیکۆپتەرانەی چەند رۆژی رابردوو لە سنووری کەرکوک بینراون، ئەنجامدا.
وەستا رەسوڵ، بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کەرکوک و میحوەری 4ـی پێشمەرگە، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لەوە دەکەن “چەند هەلیکۆپتەرێک هاوکاری داعشیان لە سنووری کەرکوک کردووە” و رایگەیاند: ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەکەینەوە و ئەوەی گوتراوە دوورە لە راستییەوە، چونکە دوای بەدواداچوونەکانی ئێمە دەرکەوت ئەو فڕۆکانەی لەسنووری کەرکوک نیشتوونەتەوە سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدان و هەماهەنگیان لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە و بۆ کاری تایبەتی خۆیان چوونەتە ئەوێ.
سەبارەت بەوەی، کە دەگوترێت داعش هێزێکی زۆری بردووەتە سنووری حەویجە و دەیەوێت کەرکوک داگیربکات، بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کەرکوک و میحوەری 4ـی پێشمەرگە گوتی “کۆکردنەوەی هێزی زۆری داعش لە حەویجە دوورە لە راستییەوە و داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک دەکەم، وەڵامی پڕوپاگەندەکان بدەنەوە، کە لەبەرژەوەندی داعشە”.
بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کەرکوک و میحوەری 4ـی پێشمەرگە گوتیشی “داعش 17 جار هێرشی کردووەتە سەر کەرکوک و شکستیهێناوە، بۆیە پێشمەرگە بێ جیاوازی پێکهاتەکانی کەرکوک دەپارێزێت”.
وەستا رەسوڵ پێشنیازێکی بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد و رایگەیاند “بەناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان داوادەکەین، کە لیژنەیەکی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروستبکرێت، کە تایبەت بێت بۆ دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە”.
وەستا رەسوڵ جەختی لەوە کردووە، کە سوپای عێراق ناتوانێت بەبێ پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە بەڕێوەببات.