
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوە داوا لە ئیسلامییەکان دەکات سوکایەتیکردن بەیەکتر رابگرن
نوچەنێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی، لە رونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت، ئیسلامییەکان لەجێی هەوڵی نزیک بونەوە یەکە لاپەرەکانی فەیسبوکیان پڕکردووە لەسوکایەتی کردن بەیەکتر، داوا دەکات بەزوترین کات ئەو سوکایەتیە رابگرن.
لە رونکردنەوەکەی حاجی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی دا هاتووە” لەجیاتى بینینى ڕووى گەشى ئیسلام و ئەو بەرنامەو فیکرو پڕۆژە ستراتیژیانەى کە ڕۆڵەکانى ئیسلام دەیخەنە ڕوو بۆ دەرباز کردنى کوردستان لەو چەق بەستووى سیاسى و ئابوریەی کە تێى کەوتوە !! کەچى زۆربەداخەوە پەڕەکانى فەیسبووک بۆتە گاڵتەجاڕیو قسەو بوهتانى نابەجێ و دوور لە هەر ئەدەبێکى ئیسلامى”.
هەر لەرونکردنەوەکەیدا ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی، داوا دەکات”بەزووترین کات کۆتاى بەم قسەو قسەڵۆکانە بهێنرێت بۆ هەتا هەتاى داواى لێبوردن بکەین لەو خەڵکەی کەبه بیستنى ئەم دیمەنە ناشرینانە ئازار دراون. با هەڵوێستەیەک بکەین چیتر لەسەر ئەم کارە قێزەونانە بەردەوام نەبین بە گوفتار و کرداری خۆمان نەبینە هۆى ناشرین کردنى ئیسلام و موسڵمانان”.
جێی باسە دوای ئەوەی ئیحسان مەلا عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی، لە بەرنامەیەکی کەناڵی نالیا سوێندنی بە قورئان خوارد، کە مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندی بە حکومەتی بەعسەوە هەبووە، لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامی دەستیان داوەتە بڵاو کردنەوەی چەند وێنەیەکی شەخسی ئیحسان کە لەگەڵ ژناندا لە ئەورپا بەگەنجی گرتویەتی، ئەویش لەکاتێکدا کە ئەوەی ئیحسان باسی دەکات بە باسێکی گشتیە و ئەوەی لایەنگرانی کۆمەڵ دەیکەن ئازادی شەخسی ئینسانە.
تێ بینی ، حاجی عیرفان دوو حەدیسی لەسەرەتای رونکردنەوەکەیدا نوسیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەکاتی بڵاوکردنەوە فۆنتەکانی تێکەڵ دەبوو، نەمانتوانی وەک خۆی بلاوی بکەینەوە بەداوای لێبوردنەوە.
دەقی روونکردنەوەکە
لە کاتێکدا موسڵمانانى کوردستان چاوەڕوانى هەنگاوى عەمەلیان دەکرد بۆ نزیک بونەوەی هەرچی زیاتری هێزە ئیسلامیەكان ڵەگەڵ یەک وه دانانى پڕۆژەگەلێکى هاوبەش بەهەموو لایەک بۆ ئاوەدان کردنى وڵات وه بەختەوەر کردنى عیباد, بەڵام بەداخەوە خەڵکى لەجیاتى بینینى ڕووى گەشى ئیسلام و ئەو بەرنامەو فیکرو پڕۆژە ستراتیژیانەى کە ڕۆڵەکانى ئیسلام دەیخەنە ڕوو بۆ دەرباز کردنى کوردستان لەو چەق بەستووى سیاسى و ئابوریەی کە تێى کەوتوە !! کەچى زۆربەداخەوە پەڕەکانى فەیسبووک بۆتە گاڵتەجاڕیو قسەو بوهتانى نابەجێ و دوور لە هەر ئەدەبێکى ئیسلامى . وە دەمانەوێت بەدەستى خۆمان ئەم بەرنامە گەورەیە لە گۆڕ بنێین ناشرینى بکەین لەبەرچاوى خەڵک ، جانازانم کێ لەم بازارە هەرزانە سوود دەبات جگە لە ناحەزانى ئیسلام . بۆ دەبێت لەجیاتى باسکردنى لەو هەموو ڕووە گەشەى کارکردنى هاوبەش هەموو لایەکمان لەپێناو بەرز ڕاگرتنى لاالەالا اللە و خزمەت کردن بە ووڵات کە هەموومان چەندین یادگاری جوانمان لەگەڵ یەکتر هەیە ئەبێت باس لەشتی ناشرین و تۆمەت قسەو قسەڵۆک بکەین هەم سەرى خۆمانو خەڵکى پێ بئێشێنین لاى خواى گەورەش خۆمان ڕەنجەرۆ بکەین . جا بۆیە پێم وایە بەزووترین کات کۆتاى بەم قسەو قسەڵۆکانە بهێنرێت بۆ هەتا هەتاى داواى لێبوردن بکەین لەو خەڵکەی کەبه بیستنى ئەم دیمەنە ناشرینانە ئازار دراون. با هەڵوێستەیەک بکەین چیتر لەسەر ئەم کارە قێزەونانە بەردەوام نەبین بە گوفتار و کرداری خۆمان نەبینە هۆى ناشرین کردنى ئیسلام و موسڵمانان..