نوچەنێت: تایبەت
دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە چوار رۆژی جەژندا زیاترلە 140 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و دەڵێت “چاوەڕوان دەکرێت ئەم جەژنە ژمارەیەکی پێوانەیی سەردانی هەرێم بکەن”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی گرنگیدانی بەکەرتی گەشتوگوزار ساڵ بە ساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم لە بەرزبوونەوەدایە و دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمیش، هۆکارەکەی بۆ چالاكی جۆراوجۆری گەشتیاری وەک “كۆنفرانس، پێشانگەی گەشتیاری، دیداری كۆمپانیاكان، وۆرك شۆپ، دەیان جۆری چاپەمەنی و فیلم و بەئەلیكترۆنیکردنی گەشتوگوزار” دەگەڕێنێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لەبارەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: تەنها لە چوار رۆژی جەژنی رەمەزاندا، زیاتر لە 140 هەزار گەشتیار هاتۆتە هەرێمی کوردستان، ئەم رێژەیەش بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادیکردووە.
نارد رۆستی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کەژمارەی گەشتیاران لەهەرێم لە هەڵكشاندایە و دەڵێت “چاوەڕوان دەكەین ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بەرز بێتەوە و ئەم جەژنە ژمارەیەکی پێوانەیی سەردانی هەرێم بکەن”.
گوتەبێژەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم باسی لەوەشکرد، کە لە ئێستادا كۆمەڵێك پڕۆژەی گەشتیاری بەڕێوەیە و دەستەکەیان بەردەوامە لە پەرەپێدان و بوژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار لەسەر بنەمای جێبەکردنی پلانی ستراتیژی دەستەکە، بۆ جێبەکردنی ژمارەیەك پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەكانی بێخاڵ، كانی ماران، گەلی عەلی بەگ و دەشڵێت “چەند پڕۆژەیەكی تر لە ئایندەیەكی نزیک لە چەند ناوچەیەك دەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە لەوانە: ئەحمەد ئاوا، سەرسەنگ و چەند شوێنێكی تر”.