نوچەنێت
بەڕێوەبەری گشتی داتاکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی رایدەگەیەنێت، نزیکەی 70 هەزار کەس بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن و دەشڵێت” لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەست بە ئەنجامدانی گرێبەستەکان دەکرێت”.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتاکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی بە (رووداو)ی راگەیاندووە “لەهەفتەی داهاتوو رێککارەکان دیاریدەکرێن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکان و لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزیش دەست بە واژۆکردنی گرێبەستەکان دەکرێت”.
لەبارەی چۆنیەتی گرێبەستەکانیش کاروان جەلال دەڵێت “دوو جۆرە گرێبەست ئەنجامدەدرێن، کە کورتخایەن و درێژخایەنن، گرێبەستە کورتخایەنەکان یەک مانگە ماوەکەی و گرێبەستە درێژخایەنەکانیش زیاتر لە سێ مانگە”.
بەڕێوەبەری گشتیی داتاکانی کۆمیسیۆن، سەبارەت بە مەرجی ئەنجامدانی گرێبەست دەڵێت، بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام بۆ گرێبەستە درێژخایەنەکان، دەبێت بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان دیپلۆمی هەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی، کە پێشووتر لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق گرێبەستیان کردووە، چانسیان زیاترە، ئەو کەسانەش، کە دامەزراون مافی ئەنجامدانی گرێبەستیان نییە.
هەروەها گوتی “ژمارەی ئەو کەسانەی، کە گرێبەستیان لەگەڵ واژۆدەکرێت، نزیکەی 12 هەزار وێستگەی دەنگدان هەیە، کە پێویستی بە نزیکەی 60 هەزار کارمەندە، هەروەها 2030 بنکەی دەنگدانیش هەیە، کە ئەویش پێویستی بە نزیکەی شەش هەزار کارمەندە، لەگەڵ چوار هەزار کارمەندی یەدەگ”.