نوچەنێت
کەسایەتی کوردی فەیلی لە بەغدا رادەگەیەنێت، شەوی رابردوو لە گەڕەکێکی کوردانی فەیلی هەوڵی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو درا، بەڵام پێش تەقاندنەوەی هێزە ئەمنییەکان پووچەڵیان کردەوە.
لەدوای راگەیاندنی رۆژی گشتپرسی باشووری کوردستانەوە کوردە فەیلییەکان لە بەغدا، واست، نەعمانییە و ناوچەکانی دیکەی عێراق خراونەتە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە، بە نامەی دەستنووس و مۆبایل هەڕەشەیان لیدەکرێت.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ساڵی 2017 زیاتر لە 350 هەزار کورد بەغدای بەجێهێشتووە و لە ئێستا رێژەی کوردانی فەیلی لە بەغدا 150 هەزار کەس دەبن و لە ناوچەکانی کیفاح، مەدینە سەدر و شەقامی فەڵەستین نیشتەجێن.
عەساف فەیلی، کەسایەتی کوردی فەیلی لە بەغدا بە (رووداو)ی راگەیاند، شەوی رابردوو لە ناوچەی سەدرییەی گەڕەكی كیفاحی كوردانی فەیلی، لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بە ماددەی تی ئێن تی و سیفۆن و بوتڵی غاز، ویسترا کوردانی فەیلی بکرێنە ئامانج.
پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژراوەکە بتەقێندرێتەوە، لە رێگای كوردە فەیلییەكانەوە هێزە ئەمنییەكان ئاگاداركرانەوە و ئۆتۆمبێلەلە پووچەڵكرایەوە.
شێخ تەحسین فەیلی، سەرۆک عەشیرەتی کوردانی فەیلی بە (رووداو)ی راگەیاندووە “ئێمە هەڕەشەی کۆچی زۆرەملێمان لەسەرە، وەک چۆن لە رابردووشدا رووبەڕووی ئەو کۆچە زۆرە ملێیە بووینەتەوە، شێوەی رژێمی پێشوو، کە ماڵ و سەروەت و سامانمان دزرا، کوردانی فەیلی چاوەڕوانی چرکەساتێک دەکەن، کە جارێکی دیکە رووبەڕووی کۆچی زۆرە ملێ ببنەوە و دیسانەوە تەسفیە حسابی کوردانی فەیلی دەستپێبکاتەوە”.