تایبه‌ت: نوچه‌نێت
وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئێران 2 مه‌تر سێجا ئاومان بۆ به‌ربداته‌وه ئیمه‌ش نیوه‌ی ئه‌و بڕه بۆ عێراق به‌رده‌ده‌ینه‌وه، ده‌شڵێت “به‌رپرسانی ئێران به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاوی زێی بچوكیان پێداوین.
ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه حكومه‌تی ئێران، له دیوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه سه‌قاڵی لێدانی چه‌ندین به‌نداوی گه‌وره و بچوكه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری كردووه‌ته‌وه سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ریژه‌ی ئاوی هه‌رێم، مه‌ترسی ئه‌وه‌شی لێ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌نداوی پێویست دروست نه‌كات، سامانی ئاو زیانی گه‌وره‌ی پێ ده‌گات، دوایین هه‌نگاوی ئێران، گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوكه له سنووری شاری قه‌ڵادزێ، كه ریژه‌ی 80%ی ئاوی رووباره‌كه كه‌می كردووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته مه‌ترسی له‌سه‌ر سامانی ئاوی ناوچه‌كه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت عه‌بدولستار مه‌جید، وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ گرتنه‌وه‌ی سەرچاوەکانی ئاوی هه‌رێم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه رایگه‌یاند: وه‌ك وه‌زیری كشتوكاڵ چه‌ندین جار داوام له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه، کە بودجه‌ی پێویست بۆ ته‌واوكردنی به‌نداوه وه‌ستێندراوه‌كانی كوردستان دابین بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییەوە، تا ئیستا نه‌توانراوه بۆدجه‌ی پێویست بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و به‌نداوانه دابین بكرێت.
وه‌زیری كشتوكاڵ ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانی له‌سه‌ر خه‌تین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، به‌ڵێنی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی پێویستیان بۆ هه‌رێمی كوردستان داوه.
عه‌بدولستار مه‌جید ده‌شڵێت، به به‌رپرسانی عێراقیمان راگه‌یاندووه، کە ئه‌گه‌ر ئێران 2 مه‌تر سێجا ئاومان بۆ به‌ربداته‌وه ئه‌وا هه‌رێمی كوردستانیش نیوه‌ی ئه‌و بڕه بۆ عێراق به‌رده‌داته‌وه، چونكه كوردستانیش پێویستی به خه‌زنكردن و كاری كشتوكاڵی هه‌یه، بۆیه پێویسته به‌رپرسانی عێراقیش بێنه سه‌رخه‌ت.
وه‌زیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەدا، له به‌رنامه‌ماندایه له پڕۆژه‌ی قه‌رزی درێژخایه‌ن، چه‌ند به‌نداوێك ته‌واو بكه‌ین، كه زۆر پێویستن، له‌وانه به‌نداوی ده‌رگه‌ڵه له قه‌ڵادزێ.