شکستی داعش و سەربەخۆیی عێراق لە ئێران

0

نوچەنێت-الحیات

ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت تا وردەکاری سەهەڵدان و بەهێزبوونی داعش لە عێراق و رۆڵی ئێران لەم پەیوەندییەدا، روون بێتەوە. هەروەها وردەکاری زیاتر لە بارەی رۆڵی نوری مالیکی، وەک سەرۆکوەزیرانی دەستەمۆی ئێران، بەشێکی دیکەی ئەم پرسیارەیە، کە بە چ شێوەیەک سیاسەتەکانی بووە هۆی پاشەکشەی سوپای عێراق لە موسڵ و رادەستکردنی شارەکە بە داعش. ئەم سیاسەتانە بۆ سوپای پاسداران پێویست بوو، تاکوو بیانوو و دەستمایەیەکی یاسایی بۆ دەستوەردانی سەربازی لەم وڵاتە بدۆزێنەوە. ئەمە خاڵە کاتێک مانای زیاتر لە خۆدەگرێ، کە ئێرانییەکان بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە عێراق بەشێکە لە ئیمپراتوریەتی فارس و بەغدایش ناوەندەکەیەتی.

شەڕی دژ بە داعش، بەشێکی دیکەی داستانی سەپاندنی هەژمۆنی ئێران بە سەر عێراقدایە و دواجار کێشانی بازنەیەکی گەورەتر بە سەر ئەم وڵاتە، بە تایبەت دوای ئەوەی، کە ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و وەک دیارییەکی نەخوازراو رادەستی ئێرانی کرد. هەر بۆیە ناکرێ لە بارەی هەژموونی ئێران بە سەر عێراقدا هیچ بگوترێ، مەگەر ئەوەی، کە پرسیاری کۆمەڵێک وەڵام بدرێتەوە، کە لە ساڵانی رابردوودا سەریان هەڵداوە و تینووی وەڵامن. پلانی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی رژێمی بەعس و بردنی سروەت و سامانی وڵاتەکە بووە، لە کاتێکدا پلانی ئێران، سەپاندنی هەژموونی خۆی بوو بە سەر عێراقدا.

بێجگە لە لایەنی دەستوەردانی سەربازی و جێگیرکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران لەناو خاکی عێراق و داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی ئەم وڵاتە، سێ هۆکار لە پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئێران، شوێندانەر و کاریگەری تایبەت بە خۆیان هەبووە:

یەکەم: رادەستکردنی نەجەف و بردنی بۆ ژێر دەسەڵاتی قوم و سەپاندنی ئایدیۆلۆژیای ویلایەتی فەقیه بە سەر شیعەکانی عێراق، وەک گوتارێکی باڵادەست. ئەم بابەتە لەو رووەوە جێی سەرنجە، کە نەجەف خۆی بە خاوەنداری ئایینزای شیۆە دەزانێت و ویلایەتی فەقیە بە فەرمی ناناسێت. ئێڕان لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە راکێشانی مەراجعی ئایینی عێڕاق و نانەوەی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوانیاندا، تا رادەیەک سەرکەوتوو بووە، بەڵام تاکوو ئێستا بە تەواوی کۆدەنگی پێکنەهێناوە و ئەم ململانێ و کێشمەکێشە بە قازانی هیچ لایەک نەشکاوەتەوە، نە عێراق و نە ئێران.

فاکتەری دووەم: پێکهێنانی گروپی میلیشیای هاوتەریب لە گەڵ سوپای عێراقە، کە بە پێکهێنانی حەشدی شەعبی گەیشتە لووتکە. پێکهێنانی ئەم گروپە میلیشیایە، نیشانەی نەبوونی متمانەی ئێرانە بە سوپای عێراق، کە پێکهاتەیەکی فرە نەتەوەیی و تایفییە. ئێڕان ئەم گروپانەی پاڵپشتی و پڕچەک کرد تا ئەوەی، کە بەرامبەر بە داعش سەنگ و قورسایی تایبەتیان هەبێت. ئەگەر چی تاکوو ئیستا ئەم گروپانە، بە شێوەی فەرمی لە گەمەی سیاسی و سەربازی وڵاتدان، بەڵام هاوکات جیاوازی و ناکۆکی لە سەرە و یەکێک لە خاڵەکانی جیاوازی و جێی مشتومڕی لایەنەکانی ناوخۆی عێراقە.

سێهەم: هەژموونی و باڵادەستی بە سەر سروەت و سامانی عێراقە، بە رێگای کۆمپانیا هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵات. ئەم بابەتە بۆتە هۆکارێک تاکوو راوێژکارانی ئێرانی لە ئابووری عێراق، ببنە خاوەن بەش و هاوبەشێکی گەورە تا جێگایەک، کە بە کردەوە بەشێک لە عێراقیەکان قازانج و بەرژەوەندی خۆیان لە درێژەکێشانی ئەم هاوبەشیە دەزانن.

عێراق بەم زووانە شکست و تێکشکانی داعش ئەزموون دەکات. شکستی داعش قۆناغێکی نوێ و خاڵی وەرچەرخانی نوێ بۆ عێراق و داهاتووی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران هەژمار دەکرێت. هەرکات، کە دەنگێکی ناڕازی بەرامبەر بە دەسەڵات و هەژموونی ئێران بە سەر عێراقدا بەرز دەبووەوە، وەڵام و پاساوەکە ئەوە بوو، کە جارێ ئەولەوییەت شەڕی داعشە و بوونی ئێران پێویستە. ئێران تاکوو ئیستا بەم کارتە گەمەی کردووە، تاکوو پێگەی خۆی لە عێراق بپارێزێت. دوای ئەوەی، کە بیانووی داعش بە دەستەوە نەما، ناکۆکیەکان بەرەبەرە سەرهەڵدەدەن، هەوڵەکان بۆ هەژموونخوازی ئایینی مەرجەع و کەسایەتەی ئایینیەکانی نەجەف بە خۆوە سەرقاڵ دەکات و رەنگە دەنگە ناڕازییەکان بەرامبەر بە حەشدی شەعبی و داواکارییەکان، بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم گروپە میلیشیایە بەرزتر بێتەوە. هەروەها دوژمنایەتی عەرەبی-ئێرانی زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە و تێکڕای ئەم فاکتەرانەن، کە دەتوانێ یارمەتی بە سەربەخۆیی عێراقی داهاتوو لە ئێران بگەیێنن.

شەڕ و ململانێی سەربەخۆیی ئاسان نییە، چونکە ئێستا ئێران بۆتە فاکتەرێکی دیاریکەر لەم وڵاتە و کۆمەڵێک هێزی ئاڵقە لە گوێ و ملکەچی هەیە، سەرباری ئەمانەش، شەڕی بەرژەوەندی ئابووری، فاکتەرێکی دیکەی چارەنووسسازە. بەم پێیە عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ لە ملمانێ، پێدەچێ ئەنجامی ململانێ لە گەڵ ئێران، لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی هەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com