بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە دەزگاكانی ئاسایش بەهێزتر دەکرێن

0

نوچەنێت

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە لێژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان، كە سەرپەرشتی و رێنمایی چالاكیەكانی كۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەكان دەكات لەهەرێم، لە پاڵپشتی دەزگا و نەخۆشخانەكان و هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندارەكان. دەشڵێت “بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە دەزگاكانی ئاسایش بەهێزتر دەکرێن”.

لەراگەیەنراوێكدا وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی كوردستان‌ و دەڵێت “بەشی چارەسەری ئاڵودەبووان هەیە لە هەرسێ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك و لە هەر سێ بەشەكە (111) ئاڵوودەبوو چارەسەری پزیشكیان بۆ كراوە، كە تائێستا لە نەخۆشخانەكانی هەرێم تۆماركراون”.

هەروەها روونیكردووەتەوە، كە لەمساڵدا نەخشەڕێگای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەلایەن لێژنەی باڵاوە ئامادەكراوەو ڕەزامەندی سەرەتایی وەرگرتووە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستكردن بەجێبەجێكردنی لە داهاتووەكی نزیكدا، بەمەبەستی بەهێزتركردنی ڕێوشوێنەكانی بەگژداجونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێم بەڕێگەی

دەقی راگەیەنراوەكە:

هاووڵاتیانی خۆشەوێست..

ماددەی هۆشبەر و ئاڵوودەبوون، هەڕەشەو مەترسیەكی جیهانییە لە تەندروستی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و رەوشت و ئاكاری تاك و كۆمەڵ، دەروازەیەكی سەرەكییە بۆ تاوان و تێكدانی ئاسایشی تاك و خێزان و كۆمەڵ.

ساڵانە جگە لە زیانی ماددی و كۆمەڵایەتی و هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی وڵات و زیادكردنی ڕێژەی تاوان، دەبێتە هۆی مردنی (3.3) ملیۆن كەس لە جیهان و ژمارەی قوربانیان بە (250) ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت لە سەرتاسەری جیهان بەڕێژەی (5%) دانیشتوان ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 _ 65 ساڵدایە، هەروەك لە ڕاپۆرتی ساڵانەی نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆنتڕۆڵی دەرمان و تاوان ( UNODC ) ئاماژەی پێدراوە.

هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا سەرەڕای هەبوونی مەترسی بەردەوام، ڕێژەی ئاڵودەبوون زۆر نزمە بەجۆرێك ڕێژەی بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە (0.2 % بۆ 0.4 %)یە، و خواردنی حەب (كە ئاڵوودەبوون دروست دەكات یان یارمەتی دەری هۆشبەرە ) لە (1.2 بۆ 2.5 %)یە {ڕاپۆرتی ڕووپێوی خێزانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان 2015}.

حەبەكانی جۆری ستیرۆیدەكان، ئازار شكێنەكان و هێوركەرەوە و خەوهێنەرەكان سەرەكیترینی ئەو حەبانەن، كە وەك هۆشبەر بەكاردەهێندرێن لە نێوان گەنجان بەتایبەتی.

هۆكاری سەرەكی بەكارهێنانیان بریتین لە گرفتە ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان، نەخوێندەواری و نزمی ئاستی خوێندن، فشاری دەروونی، بێ كاری، ئاوارەبوون و نەبوونی شوێنی حەوانەوەی گونجاو.

لێژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان، كە سەرپەرشتی و رێنمایی چالاكیەكانی كۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەكان دەكات لەهەرێم لە پاڵپشتی دەزگا و نەخۆشخانەكان و هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندارەكان.

بەشی چارەسەری ئاڵودەبووان هەیە لە هەرسێ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك وە لە هەر سێ بەشەكە (111) ئاڵوودەبوو چارەسەری پزیشكیان بۆ كراوە كە تائێستا لە نەخۆشخانەكانی هەرێم تۆماركراون.

لەمساڵدا نەخشەڕێگای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەلایەن لێژنەی باڵاوە ئامادەكراوەو ڕەزامەندی سەرەتایی وەرگرتووە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستكردن بەجێبەجێكردنی لە داهاتووەكی نزیكدا، بەمەبەستی بەهێزتركردنی ڕێوشوێنەكانی بەگژداجونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێم بەڕێگەی:

1- دامەزراندنی دەزگای نیشتمانی هاوردن و بە بازاركردنی دەرمان و پێوێستی پزیشكی لەهەرێم.
2- پێكهێنانی لێژنەی تایبەت بە مۆڵەتی هاوردن و كۆنتڕۆڵ و بەدواداچوونی دەرمانی پزیشكی هۆشبەرو دەرمان و پێكهاتە كیمیاییەكان كە دەكرێت وەك هۆشبەر بەكاربهێندرێت.
3- بەهێزكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە دەزگاكانی ئاسایش لە هەرێم.
4- دروستكردنی دوو نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەر و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووان لە هەردوو پارێزكای هەولێر و سلێمانی.
5- دیاریكردنی هەفتەی نێشتمانی هۆشیاری ماددەی هۆشبەر لە سەرەتای مانگی یازدەی هەموو ساڵێك و هەماهەنگی و هاوكاری سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێم بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسیەكانی مادەی هۆشبەرو خۆپاراستن و خۆڕزگاركردن لێیان.

لەم دەرفەتەدا، داواكارین لەو هاوڵاتیانەی بەهەر هۆكارێك بوونەتە قوربانی دەستی حەب و ماددەی هۆشبەر، لە زووترین كاتدا سەردانی پزیشك یان بەشەكانی چارەسەری ئاڵوودەبوان بكەن لە نەخۆشخانەكانی هەرێم، بەمەبەستی چارەسەركردنیان چونكە ئاڵوودەبوون نەخۆشیەكی درێژخایەنە و چارەسەری هەیە و دەتواندرێت بە تەواوی چارەسەر بكرێت ئەگەر زوو سەردان بكات.

دایكان و باوكانی خۆشەویست، ئاگاداری هەڵسوكەوت و دەرچوونەكانی منداڵە هەرزەكارەكەت بە، گوێی لێبگرەو هاوڕێی بە، بۆ پاراستنی لە ئاڵوودەبوون و زامنی داهاتوویەكی تەندروست بۆ ڕۆلەكەت.

راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
26-6-2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com