بارزانی پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی بنەماڵەی عەبدولواحید گوانی دەکات

0

نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی بنەماڵەی عەبدولواحید گوانی دەکات و سەرەخۆشییان لێدەکات.

شەوی رابردوو 25-6-2017، عەبدولواحید گوانی، كەسایەتی دیاری دەڤەری سۆران، بە نەخۆشی لە نەمسا كۆچی دواییكرد. ناوبراو كادیرێكی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی حزبی بەعسەوە گیرا، بەهۆی ئەندامێتی لە رێكخستنەكانی پارتیدا، لە ئەنجامی ئەشكەنجدانی سەخت و درێژی لە زیندانەكانی بەعسدا، تاوەكو دوایین رۆژەكانی تەمەنی بەدەست شوێنەوارەكانی ئەو ئەشكەنجەدانەوە دەیناڵاند.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا رایگەیاند “بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاکە عەبدولواحیدمان پێگەیشت. خوالێخۆشبوو لەکاتی تەنگانەدا لە ساڵانی پێش راپەڕین راستەوخۆ پەیوەندیی بە منەوە هەبوو، لە راپەڕینیشدا بۆ گەیاندنی رێنوێنی و تەوجیهات بۆ رێکخستنە نهێنییەکانی ناوخۆ رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو”.

بارزانی باس لە چالاکییەکانی عەبدولواحید گوانی دوای راپەڕین دەکات و دەڵێت “لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینیش وەک پێشمەرگە و کادیر و دواتریش وەک قایمقامی چۆمان، رۆڵێکی دیاری هەبوو. وێڕای ئەوانەش وەک دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمەڵەی چاودێریی کەمئەندامانی سۆران و دواتریش لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ناشناڵ پارکی هەڵگورد – سەکران، خزمەتێکی دڵسۆزانەی پێشکەشی گەل و وڵاتەکەی کرد”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشی بە خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم خزم و كەسوكار و هاوڕێیانی کاک عەبدولواحید و خەڵکی نیشتیمانپەروەری دەڤەری سۆران و باڵەکایەتی رادەگەیێنم و بەشداری خەمتانم”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com