نوچه‌نێت- عه‌ره‌بی جه‌دید
سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، رۆژی دووشه‌ممه 26-6-2017 به “عه‌ره‌بی جه‌دید”ی راگه‌یاند، چه‌ند سكاڵایه‌كیان له هاوڵاتیانی كوردی دانیشتوی به‌غداوه پێگه‌یشتووه، كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێكی چه‌كداری سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبیه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه، داوایان لێكراوه، كه به‌غدای پایته‌خت جێبهێڵن و برۆن بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی گه‌ڕۆكیان له‌و شوێنانه داناوه، كه كوردی لێ نێشته‌جێیه له رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا، بۆ رێگرتن له دروستبوونی هه‌ر ئاڵۆزییه‌ك، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق رێوشوێنی گونجاوی له‌و باره‌یه‌وه نه‌گرته به‌ر.
مه‌روان جاف، كه پارێزه‌رێكی كورده ده‌ڵێت، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان بیر له چاره‌نوسی ئه‌و هه‌زاران كورده بكاته‌وه كه له به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه هه‌ن.
جاف گوتی، فشاری راسته‌قینه هه‌یه له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه ده‌خریته سه‌ر كوردانی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی كۆچیان پێبكه‌ن، هه‌روه‌ها كۆچكردنی كوردانی به‌غدا به هه‌ل وه‌رده‌گرن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و هێنانی خه‌ڵكی باشوری عێراق و نیشته‌جێ كردنیان له جێگه‌ی كورده كۆچ پێكراوه‌كان. داواشی له حكومه‌ت كرد، كاری به‌په‌له بكات بۆ رێگرتن له دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و كۆچ پێكردنه‌ی، كه عێراق له سه‌رده‌می حوكمی نوری مالیكی، له ساڵانی 2006 و 2007 به‌خۆیه‌وه بینی، كه شه‌پۆلێكی كوشت و كوشتاری تایفه‌گه‌ری و كوشتن له‌سه‌ر ناسنامه و كۆچپێكردن سه‌ریهه‌ڵدا، كه پێشنه‌ی نه‌بووە و بووه هۆی كۆچكردنی هه‌زاران خێزان له به‌غدا، به تایبه‌تی له كه‌رخی رۆژئاوای به‌غدا، به ئاراسته‌ی پارێزگاكانی رۆژئاوای عێراق، له ترسی كوشتن و رفاندن و ده‌ستگیركردنی نایاسایی.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌مین به‌كر، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق، ئەمڕۆ جه‌ختی كرده‌وه، كه كوردانی دانیشتوی به‌غدا و واست رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه بوونه‌ته‌وه، هۆشداریشی دایه حكومه‌ت له “بێده‌نگبوونی و رێگه‌دان به‌و هه‌ڕاشانه‌ی كه كوردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه”.
به‌كر گوتی “كوردانی دانیشتوی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه رووبه‌ڕووی چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆر بوونه‌ته‌وه، هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی حكومیه‌وه بیگره، كه چه‌ند به‌رپرسێك باسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه و ده‌ركردنیان له شوێنی نیشته‌جێبوونیان ده‌كه‌ن، تا قسه‌وباس و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ندێك نه‌فس نزم له‌ناو خه‌ڵكدا”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان ئاشكرای كرد ” كورد ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه، هه‌ر له كوشتن و كۆچپێكردن و تاڵان كردن، له به‌غدا و واست و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی پارێزگای دیاله”.
به‌كر ده‌ڵێت “سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، كه هه‌ڵوێستی ئێمه روونه سه‌باره‌ت به‌و سیاسه‌تانه‌ی ئێستا، به‌ڵام به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژی و هه‌ڕه‌شه ره‌گه‌زپه‌رستانه ده‌كه‌ین له‌دژی كوردانی دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت”.