نوچەنێت
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سەر بە بەڕێوبەڕایەتی گشتی ئاسایشی گشتی رایدەگەیەنێت، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، دەستیان بەسەر زیاتر لە 43 كیلۆ ماددەی جیاجیای هۆشبەر و 18 هەزار و 498 حەبی جۆراوجۆری بەكارهاتوو بۆ دروستكردنی ماددە هۆشبەرەكاندا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا كار و چالاكییەكانی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیان بڵاوكردەوە.
لەو راگەیەندراوەدا هاتووە، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا دەستیان بەسەر “43 كیلۆ و 350 گرام ماددەی هۆشبەری جیاجیا، 18 هەزار و 498 حەبی جۆراوجۆر، 1ملیۆن و شەش هەزار دۆلاری ساختە و 33 ملیۆن دیناری عێراقی ساختەدا گرتووە”.
لە بەشێكی دیكەی روونكردەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەسەر ئەو كارە نایاساییانە، توانیویانە 235 تۆمەتبار دەستگیر بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان داواش لە هاوڵاتیان هەرێمی كوردستان دەكات، لە ئاشكراكردنی ئەو جۆرە كارانە هاوكاریان بکەن.