نوچەنێت
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەو تیرۆرستانە بە نیازبوون عومرەکاران و ئەو کەسانە بکەنە ئامانج، کە لە مزگەوتی حەرام خەریکی تەڕاویح و خواپەرستی بوون، دەستگیرکراون و ئەو تیرۆریستەی بە نیازبوو خۆی لەناو مزگەوتی حەرام بتەقێنێتەوە، لە شوقەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە. حکومەتی هەرێمیش لە پەیامێکدا ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەکەی کەعبە دەکات.
شەوی هەینی 23-6-2017، هێزە ئەمنییەکانی سعودیە پێنج توندڕەویان لە نزیک قیبلەی موسڵمانان دەستگیر کردووە، کە یەکێکیان ژن و بووە و لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی کەسی شەشەم، لە شوقەیەکدا خۆی تەقاندووەتەوە.
لیوا مەنسوڕ ئەلتورکی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەو تیرۆریستانە بە نیازبوون عومرەکاران و ئەو کەسانە بکەنە ئامانج، کە لە مزگەوتی حەرام خەریکی تەڕاویح و خواپەرستی بوون.
لیوا مەنسوڕ ئەلتورکی هەروەها رایگەیاندووە، ئەو تیرۆریستەی بە نیازبوو خۆی لەناو مزگەوتی حەرام بتەقێنێتەوە، لە شوقەیەکدا بوو لە گەڕەکی ئەجیاد مەسافی لە نزیک مزگەوتەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سعودیەوە گەمارۆ دراوە و دوای شەڕێکی چەکداری، لە شوقەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا، بە ناوی خۆی و گەلی کوردستانەوە رایدەگەیەنێت، پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییان و حکومەت و گەلی شانشینی عەرەبیی سعودیە دەکەین و پشتیوانیی خۆمان بۆ لەگۆڕنانی تیرۆر و تیرۆرستان دووپات دەکەینەوە“.
هەروەک لە پەیامەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان، بە شانازییەوە و بە گەواهی هەموو جیهان، لە بەرەی دژەتیرۆرە، لەم پێناوەدا قوربانی و خوێنێکی زۆری بەخشیوە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەم ھەڵوێستە مێژووییەی بۆ ھێنانەدی جیھانێکی ئارامی دوور لە تیرۆر و توندوتیژی بۆ گەلان.
دەقی پەیامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی حکومەت و گەلی کوردستانەوە بە توندی ئەو کردە تیرۆریستییە قێزەونە سەرکۆنە دەکەین، کە سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی رێکەوتی 23ی حوزەیران، حەرەمی پیرۆزی مەککەی کردە ئامانج، پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییان و حکومەت و گەلی شانشینی عەرەبیی سعودیە دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ لەگۆڕنانی تیرۆر و تیرۆرستان دووپات دەکەینەوە. بەئامانجگرتنی یەکیک لە پیرۆزترین شوێنە ئایینیەکان و سیمبولێکی گەورەی موسڵمانانی جیهان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، سەلمێنەری ئەو راستیەیە، کە تیرۆرستان دوور لە هەموو بەهایەکی ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقین و دژی هەموو پیرۆزی و شارستانیەتێکی مرۆڤایەتین، لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەم جورئەتی جەهالەتەی تیرۆرستان دەبێ هاندەرێکی بەهێزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت، بۆ کار و هەنگاوی کاریگەرتر و خێراتر لە پێناو وشککردن و بنبڕکردنی هەموو سەرچاوە فیکری و دارایی و سەربازی و لۆجستییەکانی بەرەی تیرۆر لە هەموو ناوچەیەکی جیهاندا.
بە گهواهی هەموو جیهان، گەلی کوردستان، بە شانازییەوە هەر لە سەرەتاوە لە گەڵ دۆستان و هاوپەیمانانی لە بەرەی جیهانی شارستانی و پێشکەوتوودا، لە سەنگەری پێشەوەی جەنگی پیرۆزی دژە تیرۆردا بووە و لەم پێناوەدا قوربانی و خوێنێکی زۆری بەخشیوە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەم هەڵوێستە مێژووییەی بۆ هێنانەدی جیهانێکی ئارامی دوور لە تیرۆر و توندوتیژی بۆ گەلان، لەپێناو پاراستنی بەها بەرز و پیرۆزە مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقیەکاندا، کە سەرجەم شارستانییە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی تێێدا بەشدارن.
دووبارە هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەی قوربانیان و حکومەت و گەلی شانشینی سعودیە دەردەبڕین و بەوپەڕی باوەڕەوە پشتیوانی لە هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەکەین، کە دژ بە بەرەی تیرۆر و تاریکی دەجەنگن لە جیهاندا بە گشتی و بە تایبەتیش لە ناوچەکەماندا.
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمى کوردستان
24-6-2017