
ئەمریکییەکان ئاشکرای دەکەن تۆپەکانی مالیکی روویان لەکوردستانە
نوچەنێت
سەرۆکایەتی هەرێم لە وەڵامەکەیدا بۆ مالیکی رایدەگەیەنێت، کە ئەمریکییەکان بە لایەنی عێراقیان راگەیاندووە، رۆژی سەردانەکەی مالیکی بۆ کەرکوک، لەرێگای مانگی دەستکردەوە چاودێری هێزەکانی عێراقیان کردووە، بنیویانە تۆپەکانی عێراق روویان کراوەتەوە کوردستان و تەقەمەنیان بۆ دابین کراوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوەڵامەکەیدا بۆ مالیکی نوسیویەتی”لە برگەی ای ماددەی ٩ی دەستوردا هاتووە، “نابێ هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان بۆ داپڵۆسینی گەلی عێراق بەکار بهێنرێن و دەستوەربدەنە کارو باری سیاسی”.
مالیکیش لە دیدارەکەیدا دەڵێت” ئومێدی ئەوە لە عاقڵمەندەکانی کوردستان و ناوەراست و باشوور دەخوازم، دۆخەکە بەرەو ئاستی هەڵگیرسانی شەڕ نەبرێ، بەڵام زۆر بەداخەوە گوێم لە تەپڵی شەڕ دەبێ لە کوردستان”، هەروەها دەڵێت، رێگانادەم یەک گولە لەکوردستان بتەقێنرێ، بۆ ئەوەی جارێکی تر کوردستان نەگەڕێتەوە دۆخی شەڕو کێشە. دەبێت کار بۆ ئەوە بکەین جارێکی دی رۆژگاری مەینەتی بەسەر گەلی کورددا نەیەتەوەو دیکتاتۆریەت و کشتن و چەرمەسەری بەسەریدا دووبارە نەبێتەوە”، و خۆی بەدڵسۆزتر پەرۆش تر لە سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ گەلی کوردستان پیشان دا.
بەڵام هەر مالیکی بوو کە لەرۆژی ٨/٥/٢٠١٢ هاتە کەرکوک و فیرقەکانی ٥ لە دیالەو ٤ لەتکریت و ١٢ لەکەرکوک و ٣ لە سنوری هەولێرو ٢ لەموسڵی خستە ئینزارەوە، دوو کەتیبەت تۆپخانەو فرقەی ١٧ی لە باشووری کەرکوک جێگیر کرد، ئەگەر مەبەست لەم رەفتارە هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ نەبێ، مالیکی چۆن ئەو هێزانە بەسەر دوو هێڵدا دابەش دەکات و هاوکات بڕیاری ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هێڵی دووەمی ئەو هێزانە دەدات، لەبەر ئەوەی بەپێی بنەماو پرانسیپی سەربازی تەنیا بۆ حاڵەتی شەڕ و رڕووبەڕووبونەوە تەقەمەنی بۆ هێڵی دووەم دابین دەکرێت، کەچی ئەو چەک و تەقەمەنی و بۆ هەردوو هێڵەکە دەستەبەر کردبوو”.
سەرۆکایەتی هەرێم لەوەڵامەکەیان بۆ مالیکی، ئاشکرای دەکەن کە ئەمریکیەکان بە مانگی دەستکرد چاودێری هێزەکانی عێراقیان کردووە، لەو رۆژەی مالیکی سەردانی کەرکوکی کردووە، و بینیویانە تۆپەکانی مالیکی روو لەکوردستانن، لەوەڵامەکەدا هاتووە”لەکۆبونەوەی لیژنەی باڵای کاری هاوبەش”ئێس دەبلیو جی”ی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری عێراق و ئەمریکییەکان، لە رۆژی ١٩/٥/٢٠١٢ لە بەغدا سازکرا. لایەنی ئەمریکی ئەو قسانەی نوێنەرایەتی وەزارەتی پێشمەرگەیان دووپاتکردەوەو گوتیان، راستە ئێمە بەمانگی دەستکرد، “قەمەر سناعی” چاودێری ئەو ناوچەمان دەکرد، کە هێزەکانی سوپای عێراق لەو رۆژەدا جوڵەیان پێدەکرا، ئەوەمان بەدی کرد، کەلولەی تۆپەکان روویان لەکوردستانەو زەخیرەش لە تەک تۆپەکان دانرابوون، دواتر لایەنی عێراقیش نەیانتوانی ئینکاری بکەن، بۆیە دانیان بەو راستیەدا نا و گوتیان ئەمرمان پێکراوە”.
وەڵامەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر مەترسی دەستخستنی فرۆکەی ئێف ١٦ لەلایەن مالیکیەوە بیر دەهێنێتەوە، تێیدا هاتووە”ئەو رەفتارەی نوری مالیکی شتێکی سەیر نییەو نوێش نییە، لەبەر ئەوە ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٨ کاتێک گرفتێکی بچووک رویدا، ئەو کاتیش مالیکی بەم شێوەیە جوڵایەوەو فەرمانیدا، کەتیبەیەکی تانک بۆ خانەقین رەوانە بکرێت بۆ شەڕی پێشمەرگە، باشە کەسێک سەرۆک وەزیران بێت و لەبەر گرفتێکی بچووک ئامادە بێ تانک و زرێپۆش رەوانە بکات، ئەگەر گرفتێکی گەورەتر رووبدات و فرۆکەی ئێف ١٦ی لەبەردەست بێت چاوەڕوانی چی لێبکرێت”.