گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری قەڵادزێ دروست دەکات

0

 نوچەنێت: تایبەت 

سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە، کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی شاری قەڵادزێ دروستبووە.

ئاوی زێی بچوك لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاوی ئەو زێیە له‌نزیك شاری سه‌رده‌شت له‌لایه‌ن  حکومەتی ئێرانه‌وه‌، زۆركه‌می كردووه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی “ئاوی خاس” دروستكردووه‌، كه‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ شاری قه‌لادزێ ده‌سته‌به‌رده‌كات و هەروەها بە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەناوچەی پشدەر بەهۆیەوە ئاو دەدرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ رایگەیاند: بەهۆی گرتنەوەی ئەوە ئاوە لەبەنداوی کۆڵەسەر، له‌نزیك شاری سه‌رده‌شت، نزیکەی لە 60% بۆ 70% ئاوی زێی بچوك بەراورد بەشاڵانی پێشووتر کەمیکردووە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر دەڤەری پشدەر دروستکردووە و بەهۆیەوە کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی شاری قەڵادزێ دروستبووە، چونکە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ لەسەر ئەو زێیە دابین دەکرێت.

شوان قەڵادزەیی هەروەها گوتیشی “به‌هۆی كه‌می ئاوی زێیه‌كه‌وه‌، ئاوی خواردنه‌وه‌ی قه‌ڵادزێ به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی قه‌وزه‌ و به‌كتریاوه‌ مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی له‌ده‌ستداوه‌ و تام و بۆن و ره‌نگی گۆڕاوه، کە ئەمەش نیگەرانی لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە”.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئاوەکە هێندە کەمی کردووە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی قه‌ڵادزێی ناچاركردووه‌، کە بە شۆڤڵ کاری لێبکەن و به‌نداوێكی كاتی به‌مه‌به‌ستی گلدانه‌وه‌ی ئاو له‌نزیك پڕۆژه‌كه‌ دروستبكەن.

ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی ئیسلامی هۆشداری دەدات لەوەی، کە ئەگەر کێشەی ئاوی زێی بچوك چارەسەر نەکرێت، بەسەدان کیلۆمەتر دووجا زەوی کشتوکاڵی، لە ناوچەکانی پشدەر و بتوێن، لەمەترسیدایە بەهۆی بێئاویەوە. جه‌ختی لەوەشکردەوە‌، كه پێویسته‌ كاربه‌ده‌ستانی ئێران و شاره‌وانی سه‌رده‌شت به‌تایبه‌ت، مافی دراوسێیه‌تی بپارێزن و بڕیاری كردنه‌وه‌ی زێی بچوك بده‌ن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com