نوچەنێت
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، شەوی رابردوو ژن و مێردێكی خەڵكی شاری هەولێر، لە سلێمانی بە سەربڕاوی لەنێو ماڵی خۆیاندا دۆزرانەوە.
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاندووە “شەوی رابردوو 23-6-2017 لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی ژن و مێردێك، بە سەربڕاوی لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزراونەتەوە ، ئەو ژن و مێردە لە بنچینەدا خەڵكی شاری هەولێرن، نزیكەی چوار مانگە لەو گەڕەكەدا نیشتەجێبوون، دوای رووداوەكەش، بۆ لێكۆڵینەوە تەرمەكانیان رەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی كراوە”.
سەركەوت ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو و گوتی، پەیوەندی بە كەسوكاری ئەو ژن و مێردەوە كراوە “پێیان گوتین كە هاتینە لاتان كێشەی ئەو ژن و مێردەتان بۆ باس دەكەین”.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشكرد، کە ئەو ژن و مێردە، كوڕ و كچێكی 3 بۆ 4 ساڵیان هەیە، ئێستاش براونەتە خانەی نەوجەوانان لە سلێمانی و گوتیشی “تاوەكو ئێستا كەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەكراوە”. هەر بە گوتەی سەركەوت ئەحمەد ئەو ژن و مێردە لەدایكبووی ساڵی 1980 -ن.