پەرلەمانتارێکی گۆڕان: دەبێت هەڵوێستی یەکێتی لەسەر رێککەوتننامەکە روون و ئاشکرا بێت

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەبێت یەکێتی هەڵوێستی روون و ئاشکراتربن لەسەر رێککەوتننامەکەی نێوانمان دەشڵێت “دوای کۆبوونەوە هاوبەشەکە هەڵسەنگاندن لەسەر دەرنجامەکانی کۆبوونەوەکە دەکەین”.

زیاتر لە ساڵێک بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنامەی یەکێتی نییشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا هیچ خاڵێکی ئەو رێککەوتننامەیە جێبەجێنەکراوە، گۆڕانیش نیگەرانە لە بەدەمەوە نەهاتنی یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار سەرکردایەتی هاوبەشی هەردوولا کۆبوونەتەوە و سەرجەم کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام بوون، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرکردایەتی هاوبەش کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئه‌یوب عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان رایگەیاند: چاوەڕوانیمان لە یەکێتی ئەوەیە، کە خاڵەکانی رێککەوتننامەکە جێبەجێبکات، هیوادارین رێز لە ئیمزاکەی خۆیان بگرن و پابەندی خۆیان بەرێککەوتنەکە رابگەیەنن، چونکە دڵنیابن، کە ئێمە رێز لە ئیمزاکەی کاك نەوشیروان مستەفا دەگرین، کە ئیمزای لەسەر کردووە و پابەندیشین بە رێککەوتننامەکەوە.

ئه‌یوب عه‌بدوڵڵا جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت هەڵوێستەکان روونتر و ئاشکراتر بن لەسەر رێککەوتننامەکە و دەڵێت “ئێمە چاوەڕوان دەکەین بزانین تاچەند یەکێتی خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات، لەو کۆبوونەوەیەشدا دەر دەکەوێت، کە ئایا یەکێتی تاچەند پەیوەست دەبێت بە رێکەوەتنەکەوە و تاچەند پەرۆشییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی”.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان دا، بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسەنگاندنی خۆی دەکات، لەسەر دەرنجامەکانی کۆبوونەوەکە.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان هەروەها گوتیشی “ئەمڕۆ کورد نەك پێویستی بە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان هەیە، بەڵکو پێوستی بە کۆدەنگی نیشتمانی، رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی و رێککەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، بۆیە ئەگەر رێککەوتنی دووقۆڵیش هەبێت، دەبێت هەوڵبدەین رێککەوتنی دیکەی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان بکرێت، بۆ ئەوەی کورد بە ئامادەییەوە بچێتە قۆناغی نوێی دوای لەناوبردنی داعش”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com