بارزانی بۆ یەكێتی ئەوروپا: دژایەتی مافە یاسایی و سرووشتییەکانی گەلی كوردستان نەكەن

0

نوچەنێت
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا كۆبووەوە و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەك پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری گشتپرسی نییە و داواشیکرد “دژایەتیی مافە یاسایی و سرووشتی و ئیلاهییەكانی گەلی كوردستان نەكەن”.

رۆژی پێنجشەممە 22ـ 6ـ 2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاتریك سیمۆن نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا كۆبووەوە، كە پێكهاتبوو لە باڵیۆزانی بەلجیكا و پۆڵەندا لە عێراق و بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی ئیتالیا و ئیسپانیا لە عێراق و كۆنسوڵەكانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا و نوێنەرانی كونسوڵخانەی بریتانیا و چیك و رۆمانیا لە شاری هەولێر.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نوێنەری یەكێتی ئەوروپا بە ئاماژەدان بە كۆبوونەوەی رۆژی 19ـ 6ـ2017ـ وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە شاری بروكسێل، پەیامی یەكێتی ئەوروپای بۆ سەرۆكی هەرێمی کوردستان و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو، كە تێیدا یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردووەتەوە لە بەرانبەر تەحەدیات و كێشەكاندا. 

بەپێی هەواڵەکە، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق ، ستاییشی رۆڵ و بەشداریی گەلی كوردستانی كردووە لە شەڕی دژی تیرۆر و حەواندنەوەی ئاوارەكان و پێزانینیشی هەبووە بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە.

نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە عێراق پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەكێتی ئەوروپای بە جێگەی بایەخ دانا و بە پێویستیشی زانی، كە پێكهاتەكانی عێراق بۆ شكاندنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی یەكگرتوو بن، تەركیز لەسەر بابەتە هاوبەشەكان بكەن و خۆیان لە بڕیاری یەكلایەنە بپارێزن، چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان و چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان، لە رێگەی ئاشتی بێت، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمە. 

نوێنەری یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بە بڕگەیەكی دیکەی پەیامی یەكێتی ئەوروپا کرد، بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستان، كە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەدیاتە سیاسییەكان و پرۆسەی چاكسازی و هەڵبژاردنەكان، ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و رێكبكەون. نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا ئەوەیشی خستەڕوو كە مەبەست لە سەردانیان بۆ كوردستان گەیاندنی پەیامی یەكێتی ئەوروپا و تێگەییشتنی باشترە لە بڕیار و داواكارییەكانی هەرێم.

لە كۆبوونەوە کەدا نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، نوێنەرانی حزبی شیوعی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، نوێنەری حزبە توركمان و مەسیحییەكانی كوردستان ئامادە بوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە سەرەتاكانی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق کرد، كە تێیدا گەلی كوردستان بە مەرجی شەراكەت بڕیاری ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا، بەڵام لە قۆناغی 1921 تاوەکو 2003 نەك تەنیا شەراكەت جێبەجێ نەكرا بەڵكو چەمكی هاوڵاتیبوونی گەلی كوردستانیش جێبەجێنەكرا و لەو ماوەیەدا 4500 گوندی كوردستان وێرانكرا و 180 هەزار رۆڵەی كورد بەر پرۆسەی ئەنفال كەوتن و بێ سەروشوێن كران، دوازدە هەزار گەنجی فەیلی و هەشت هەزار بارزانی بێسەروشوێن كران. كوردستانیش كیمیاباران كرا و هەڵەبجە بووە هێمای ئەو تاوانە. 

بەپێی هەواڵەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە ئەو نەهامەتی و جینۆسایدە بەشی شەراكەتی ئێمە بووە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، لەگەڵ ئەوەیشدا لەدوای 1991 گەلی كوردستان ویستی لاپەڕەیەكی تازە بكاتەوە و لەپێناو یەكپارچەیی عێراق و ئاشتیدا لەگەڵ ئەو كەسانە دانیشت، كە تاوانی جینۆسایدیان لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامدابوو، بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵەیش سەری نەگرت، چونكە فەرهەنگی حاكم لە بەغدا فەرهەنگی بەپاشكۆدیتن و بەتاوانبار زانینی گەلی كوردستان بوو.

بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی به قۆناغی دوای 2003 دا، كە گەلی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە یارمەتی بنیاتنانەوەی عێراقی دا، لەسەر بنەمای دیموكراسی، فیدرالیزم، دەستوور، شەراكەت، تەوافوق و ئومێدی بە ژیانێكی نوێ هەبوو بەڵام هەموو ئەو بنەمایانە بە دەستووریشەوە لەلایەن حكومەتەكانی عێراق و فەرهەنگی باڵادەست لە بەغدا پشتگوێ خران و پێشێلكران، كار گەییشتە سەر ئەوەی، وەك سزادانێكی سیاسی قووتی تێكڕای گەلی كوردستان بڕدرا، كە ئەوە پێشێلكردنی مەترسیداری هەموو هەوڵێك بوو بۆ بنیاتنانی عێراق و مەسەلەی شەراكەت.

بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەیشی خستەڕوو، كە گەلی كوردستان ئەزموونێكی تاڵی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەموو رێگەیەكی بۆ پاراستنی عێراقی یەكگرتوو تاقی كردووەتەوە و قوربانی و باجی زۆری داوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە و دواجار بەو ئەنجامە گەییشتووە، كە مادام نەتوانرێ شەراكەت بپارێزرێ و لەپێناو رێگەگرتن لە شەڕ و نەهامەتی و كێشەی مەترسیدار، با وەك دوو دراوسێ لە تەنیشت یەكتردا بژین. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دیاریکردنی رۆژی گشتپرسی رایگەیاند “بە هیچ شێوەیەك پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە نییە و پێویستە خەڵكی كوردستان رای خۆیان لەبارەی چارەنووس و ئاییندەی خۆیان دەرببڕن، دوای ئەوەیش هەرێمی كوردستان دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هەموو رێگەیەكی ئاشتیانە و دیالۆگ دەگرێتەبەر، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە تەفاهومێك، كە خزمەتی ئاشتی و ئاسایش و پێشكەوتنی هەردوولا و ناوچەكە بكات”.

لەبارەی شەڕی داعشیشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیاند “گەلی كوردستان باجێكی زۆر گەورەی لەو شەڕە دا. پێشتر رێككەوتن هەبوو، كە پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، بەڵام ئەو رێككەوتنەیش جێبەجێ نەكرا و بەهۆی ئابڵۆقەی چەندساڵەی چەك لەسەر پێشمەرگە، پێشمەرگە چەكی پێویستی نەبوو لەبەرانبەر ئەو تیرۆریستانەی، كە باشترین چەكیان لەبەر دەستدابوو ، یەكێك لە هۆكارەكانی جینۆسایدی ئێزیدییەكان ئەو ئابڵۆقەیە بوو كە حكومەتی عێراق بەسەر هێزی پێشمەرگەدا سەپاندی و بەمجۆرە حكومەتی عێراق، كوردستان و پێكهاتەكانی عێراقی لە هەڕەشەی تیرۆریش نەپاراست. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان حكومەتی عێراقی بە كەمتەرخەم زانی لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان و گوتی “لەبارەی ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە لە یارمەتیدانی هەرێم، وەك بڵێی بابەتی ئاوارەبوونی سەدان هەزار عێراقی، كە لە هەرێم نیشتەجێبوون لە دەروەی سنوورەكانی عێراق رووی دابێت”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵی کرد و رایگەیاند “سەرباری هەموو ئەوانە، پێشمەرگە یارمەتی سوپای عێراقی دا و هێڵە بەرگرییەكانی داعشی تێكشكاند و رێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنی موسڵ خۆش كرد”. جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ سوپای عێراق و رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان ئەولەویەت دەبێت. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە كۆتایی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو، كە هەرێمی كوردستان هاوكاری حكومەتی عێراقی دەبێت لە شەڕی تیرۆر و داوایشی كرد، یەكێتی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەری گەلی كوردستان و عێراق بن، لە پرۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و گەییشتن بە لێكتێگەییشتنێكی ئاشتیانە.

بارزانی هەروەها داوایکرد یەكێتی ئەوروپا دژایەتی مافە یاسایی و سرووشتی و ئیلاهییەكانی گەلی كوردستان نەكەن، گەلی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لە ئەوروپا هەیە پشتیوانی ئەو مافانەیان بن و لە شەڕی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات پاڵپشتیان بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com