نوچەنێت
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لە هەردوو پۆستی قائیمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئەنجامدا و رایگەیاند، رێگە نادەین هیچ کەسێک سەروەری یاسا پێشێل بکات، وەڵامێکی تووندمان بۆ ئەو کەسانە دەبێت، کە یاسا لە چەمچەماڵ پێشێل دەکەن”.
بە بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران، رۆژی 12-6-2017 ئامانج کەساس، قائیمقامی چەمچەماڵ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و گواسترایەوە بۆ دیوانی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق لە شوێنی ئەو کرا بە قائیمقام. هەمان رۆژ کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانەکەی واژۆكرد.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “قائیمقامی نوێی چەمچەماڵ کەسێکی بەئەزموونە و لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەیە، باوەڕمان بە دڵسۆزی هەیە”.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت “کەسانێک هەن لە چەمچەماڵ خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن و دەیانەوێت رووبەڕووی یاسا ببنەوە. بەڵام خەڵکی چەمچەماڵ دڵنیادەکەینەوە، کە رێگە نادەین هیچ کەسێک سەروەری یاسا پێشێل بکات، وەڵامێکی تووندمان بۆ ئەو کەسانە دەبێت، کە یاسا لە چەمچەماڵ پێشێل دەکەن”.