واشنتۆن تایمز: پێویستە ئیدارەی ترەمپ پشتگیری دەوڵەتی کوردی بکات

0

نوچەنێت-رووداو

رۆژی چوارشەممە 21-6-2017 رۆژنامەی واشنتۆن تایمزی ئەمریکی، گوتارێکی شیکاری لەبارەی گشتپرسی باشووری کوردستان بڵاوکردەوە. کە تێیدا داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکات خۆی بۆ گشتپرسی باشووری کوردستان ئامادە بکات، داواشی لێدەکات پشتگیری ئەو دەوڵەتە کوردییە بکات. 

ئەو رۆژنامە لە سەرەتای گوتارەکەیدا نووسیویەتی، کۆمەڵێک هۆکار هەن، کە پێویست دەکات ئەمریکا پشتیوانی لەو گشتپرسییە بکات و نووسیویەتی “ئەنجامدانی گشتپرسی دەرفەتێکی باشە بۆ بەرەوپیشچوونی مافی ژنان و کەمینە نەتەوە و ئاینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.” ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە هەرێمی کوردستاندا جیاوازی نییە لە نێوان رەگەز، ئایین و کەمەنەتەوەکاندا و هەمووان بەپێی یاسا یەکسانن.

رۆژنامەکە باس لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت “نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مافی داوە بە هەموو ئایینەکانی ئەو هەرێمە لە کابینەی حکومەتەکەیدا و نوێنەریان هەیە. هەروەها نووسییەتی، 11 کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان هەن و لە هەرێمی وکوردستانیش وەزارەتێک هەیە بۆ ئایینەکان و نوێنەری هەموو ئایینەکان لەو وەزارەتەدا بەشدارن و هەن”.

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی، کە رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، بوونی رێژەی ژنانە لە پەرلەماندا و نووسیویەتی “لە ژێر دەسەڵاتی بارزانیدا لەسەدا 25ی ئەندامانی پەرلەمانی دەبێت لە ژنان بێت، ئەمە جگە لە پێدانی پۆستی حکومی بە ژنان لە سەرجەم وەزارەت و کەرتەکانی سەر بە حکومەتدا”.

واشنتۆن تایمز ئاماژەی بە رۆڵی ژنان کردووە لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەدا و نووسیویەتی “پیشمەرگەی ژن بەهۆی وەستانەوەیان بەرامبەر بە داعش، توانیویانە سۆز و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای ئازایەتی خۆیان رابکێشن”. نەبوونی جیاوازی رەگەز و ئایینەکانیش لەو هەرێمەدا بە نموونەیەکی سەرکەوتوو وەسفدەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەڵێت “بۆیە دەوڵەتی کوردی دەبێت بە مۆدێڵێکی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەی ئیسرائیل”.

رۆژنامەکە هۆکارێکی دیکە دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی ئەمریکا پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردی بکات و دەڵێت “کوردستانی سەربەخۆ دەبێتە هۆی راگرتنی پەلهاویشتنی شیعە لە ناوچەکەدا، واشنتۆن تایمز بەبیری دەسەڵاتدارای ئەمریکی دەهێنێتەوە، کە پێویستیان بەوە نابێت هێزی سەربازی بنێرن بۆ ناوچەکە، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی شەڕەنگێزییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.  

هەروەها رۆژنامەکە ئێرانیش بەوە تۆمەتبار دەکات، کە مافی کەمینەکانی نێو خۆی ئەو وڵاتەی پیشێلکردووە، لەوانە، ئازەری، بلووچ، کورد، ئەهوازی و عەرەب. گرنگی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، کە لەگەڵ کوردی سووریاش یەکبگرێتەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەمینانەش لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران راپەڕن و لە ئەنجامیشدا رژێمەکە دەڕووخێت. وەک رۆژنامەکە دەڵێت “بوونی ئەو دەوڵەتە کوردییەش دەبێتە بنکەیەکی گرنگ و سەرەکی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ئەوەی لەوێوە شەڕ لەگەڵ تیرۆری جیهانیدا بکات”. پێشیوایە کە ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەیمەنەی ئێران بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەبێ ئەوەی ئەمریکا ژیانی هیچ سەربازێکی خۆی بخاتە مەترسییەوە.

لەبارەی رێگری و کاردانەوەی تورکیا بەرامبەر بە راگەیاندنی دەوڵەتە کوردییەکە، رۆژنامەکە پێیوایە “تورکیا لە دژی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت، بەڵام کاتێک دەوڵەتەکە لەلایەن بارزانییەوە سەرکردایەتی بکرێت، هیچ مەترسییەک بۆ سەر خاکی تورکیا دروست ناکات. تورکیاش تێدەگات، کە مەترسی ئەو دەوڵەتە لە هەڕەشە و مەترسی داعش کەمتر دەبێت لەسەر سنوورەکانیدا”. 

رۆژنامە ئەمریکییەکە ئەوەش بەبیردەهێنێتەوە کە بارزانی توانیویەتی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا دروستبکات لە بواری ئابووری و بازرگانییەوە، هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیش لەکاتی سەردانی بارزانی بۆ تورکیا، بە نیشانەی داننانی تورکیا بەهەرێمی کوردستان و ئاڵای کوردستان وەسفدەکات، لە کۆتایی گوتارەکەشیدا واشنتۆن تایمز نووسیویەتی “بارزانی توانی لە رێگەی بازرگانی و نەوتەوە دووژمنی پێشتری بکات بە هاوبەشی خۆی لە ئابووریدا”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com