نوچەنێت:تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، بڕیاریدابە خەرجکردنى بڕى (870,572) هەزار دۆلارى ئەمریکى وەک قۆناغى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، کە تيايدا (56) خوێندکارى تواناسازى سودمەند دەبن.
دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، پێشوتر لە چوار قۆناخى جيا جيادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى (2,452,598)مليۆن دۆلارى ئەمریکى خەرجکردووە کە(1366) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە وڵاتە جیاکان لێى سودمەندبون، کۆى ئەو پارانەش، لە رێگەى سيستمى بانکیەوە رەوانەى زانكۆکان کراوە.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دواى ئەوەى رەزامەندى نیشاندرا لەسەر خەرجکردنى بڕى (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاریدا بە خەرجکردنى قۆناغى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، کە بەسیستمى بانکى رەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەی بڕی خەرجکراوی پارەکەش بۆخوێندکاران دەڵێت “قۆناغى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕەکەى (870,572) هەزار دۆلارى ئەمریکییە”.
لەبارەی چۆنیەتی خەرجکرنەکەشی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بڕە پارەکە بە یەک قۆناخ خەرج دەکرێت و تیایدا (56) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى ئەمریکا، بەریتانیا، ئوستورالیا، سويد و کەنەدا، لێى سودمەند دەبن.