تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، رێگریم لێكرا له ناو ئه‌نجومه‌نی پاریزگای سلێمانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی سازبكه‌م. ده‌شڵێت “سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن به‌رپرسیاره و حزبیانه بیرده‌كاته‌وه”.
ماوه‌ی 15 رۆژه 36 ته‌نكه‌ری پر له به‌نزینی ژه‌هراوی ئێرانی، له سنووری نێوده‌وڵه‌تی باشماخ له پارێزگای سلێمانی، ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، دوێنی سێشه‌ممه 20-6-2017 ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له بڕیارێكی خۆیدا بڕیاریدا ئه‌و ته‌نكه‌ره به‌نزینه ژه‌هراویانه ره‌وانه‌ی ئێران بكرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زای به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی لێكه‌وته‌وه، چونكه ئه‌و ئه‌ندامانەی ئه‌نجومه‌ن پییان وابوو، ده‌بێ هاوكات له‌گه‌ڵ ناردنه‌وه‌ی به‌نزینه ژه‌هراویه‌كه، كۆمپانیای هاورده‌كاری به‌نزینه‌كه‌ش به بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دیناری عێراقی سزابدرێت، به‌ڵام كۆمپانیاكه هیچ سزایه‌ك نه‌دراوه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د.غالب محمد، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه، له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی سه‌باره‌ت به كه‌یسی 36 ته‌نكه‌ره به‌نزینه ژه‌هراوییه‌كه‌ی ئێران رایگه‌یاند: سه‌باره‌ت به سزانه‌دانی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی به‌نزینه ژه‌هراویه‌كه‌ی هێنابووه سنوری پارێزگای سلێمانی، ویستم له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سازبكه‌م، به‌ڵام به بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، كه یه‌كێتییه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وە رێگرم لێكرا و نه‌یانهێشت له ناو ئه‌نجومه‌ن كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌م سازبكه‌م.
غالب محەممەد گوتی “ئەگەر ئەو كۆمپانیایەی بەنزینەكەی هێناوە سزابدرێت، دەبێت نزیكەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دیناری لێوەربگیرێت، ئەو پارەیەش زۆرە، بۆیە لەو بڕوایەدانیم ئەو پارەیەی لێوەرگیرابێت”.
د.غالب محمد زیاتر دواو گوتی، با كه‌مێك ویژدانیان هەبێت و بڕۆن سه‌ردانێكی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا بكه‌ن له سلێمانی، ده‌ڵێت، ئه‌و به‌نزینه ژه‌هراوییه‌ی، كه بێ سزا گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ ئێران، مه‌ترسی بلاوبوونه‌وه‌ی 50 نه‌خۆشی كوشنده‌ی لێ ده‌كرێ.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پێیوایه، سزانه‌دانی ئه‌و كۆمپانیایە، کە به‌نزینه ژه‌هراوییه‌كه‌ی هێناوه‌ته سلێمانی، وه‌ك هاندانی كۆمپانیاكانی تر وایه بۆ هێنانی كاڵای خراپ و مادده‌ی زیانبه‌خش، کە ئه‌گه‌ر مادده خراپ و زیان به‌خشه‌كانتان گیرا، ئه‌وه سزاتان ناده‌ین و بیبه‌نه‌وه بۆ ئێران.