نوچەنێت
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی دیکەی داعش لە سنووری خورماتوو تێکشکێندرا و لەو شەڕەکەدا ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران، پێشمەرگەیەک شەهید و سێی دیکەش بریندار بوون.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندجارێکە چەکدارانی داعش لە حەویجەوە هێرشدەکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری قەزای خورماتوو، تائێستاش هەموو هێرشەکانیان تێکشکێندراون، بەڵام هێرشەکان بێ زیان نەبوونە و پێشمەرگە لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان شەهید و بریندار بوون.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 20-6-2017، لە سنووری زەرگەی خورماتوو، داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیکردەوە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەش هێرشەکە تێکشکێندرا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکەی داعش لە هەرسێ قۆڵەوە تێکشکێندراوە، تەرمی دوو چەکداری داعش کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە، تەرمی دوو چەکداری دیکەش لەنێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ناوچەکانی ژێردەستی داعشدان. فەرماندەکانی پێشمەرگە دەڵێن داعش کوژراوی زۆری هەبووە، بەڵام تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیان بردوونەتەوە.
بەگوتەی فەرماندەکانی پێشمەرگە، لەو هێرشەدا 60 چەکداری داعش بەشدارییان کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە پێشڕەوی بکەن و پێشمەرگە بەتووندی رووبەڕوویان بوونەتەوە. زیانەکانی پێشمەرگەش لە شەڕەکەدا، پێشمەرگەیەک شەهید بووە و سێ پێشمەرگەش بریندارن، بەڵام برینیان سووکە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.