نوچەنێت
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، گشتپرسی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە و دەڵێت “كوردستان دوور لە تووندوتیژی و بەسوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتییانە و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات”.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 19-6-2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك پەرلەمانتار و نوێنەری كوتلە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق، شەڕی موسڵ، قۆناخی دوای داعش، رەوشی ناوچە ئازادكراوەكان و بارودۆخی ئاوارەكان، تاوتوێكران. هەروەها رۆشنایی خرایە سەر هاوكێشە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە گشتپرسی و ئاییندەی كوردستان و دەوڵەتی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبووە.
لای خۆسیەوە بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی پێشێلبوونی دەستوور و شەراكەت و تەوافوق لە عێراق رایگەیاند”بڕیاری گشتپرسی گەلی كوردستان، بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە، كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتییانە، دیالۆگ و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات”.
لە کۆبوونەوەکەدا، فازڵ میرانی سكرتێر و رۆژ نووری شاوێس، ئازاد بەرواری و مەحموود محەممەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.