نوچەنێت
پارێزگاری هەولێر هۆکاری ژەهراویبوونی ئاوارەکانی موسڵی لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر یوو 2 ئاشکراکرد و رایگەیاند، بەهۆی مانەوەی خواردنەکە بووە، نەک کەمتەرخەمی چێشتخانەکە. دەشڵێت “گرفت لەو ماددانە نەبووە، کە چێشتخانەکە لە دروستکردنی خواردنەکەدا بەکاریهێناون”.
هەفتەی رابردوو لە کەمپەکانی یوو 2، حەسەن شام و خازر 825 ئاوارە بە خواردن ژەهراویبوون و زۆربەشیان ژن و منداڵ بوون، ئەمەش کاردانەوەیەکی فراوانی لێکەوتەوە.
رۆژی دووشەممە 19-6-2017، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و جێگری پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە پزیشکییەی ئاشکراکرد کە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ژەهراویبوونی ئاوارەکانی موسڵ لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر یوو 2 ئەنجامدرابوو.
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: “هۆکاری سەرەکی تێکچوونی خۆراکەکە چۆنییەتی هەڵگرتن و مانەوەی لەنێو دەفرێکی پلاستیکی و بەرزیی پلەی گەرمی بووە، نەک ئەو ماددانەی لە دروستکردنی خواردنەکە لە چێشتخانەکەدا بەکارهاتوون”.
بەگوتەی نەوزاد هادی، خواردنەکە لە 09:00 ی بەیانییەوە لەنێو دەفرێکی پلاستیکی نراوە، تاوەکو بەربانگ کاتێکی زۆر ماوەتەوە، بەپێی پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە، جۆرە بەکتریایەک بەناوی (Staphylococci – ستافیلۆکوکس) لەنێو دەفرە پلاستیکییەکە لە ئەنجامی پلەی گەرمی گەشەی کردووە، بەتایبەت لەنێو ئەو دەفرە پلاستیکییەی برنج و رانە مریشکی تێدا بووە.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: “لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستبەجێ لەڕێگەی دادگاوە 7 کەس دەستگیرکرابوون، 6 کەسیان کارمەندی چێشخانەکە بوون، یەکێکیشیان کارمەندی ئەو رێکخراوە بوو کە خۆراکەکەی دابینکردبوو، بۆ رێککاری یاساییش راپۆرتی پزیشکیمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار و دادگاکردووە”.