گوتەبێژی عەبادی لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی روونکردنەوە دەدات

0

نوچەنێت-رووداو
گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو راگەیەندراوەی لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەناوی عەبادییەوە بڵاوكراوەتەوە، هەڵبەستراوە و دوورە لە راستییەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 18-6-2017، سایتی (ئیلافی سعودی) بەیاننامەیەكی بەناوی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوكردەوە، كە چەندین خاڵی لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و شەرعیەتی ئەنجامدانی و ئەو ناوچانەی گشتپرسی دەیانگرێتەوە لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەكە دێنە پێشەوە كە بڕیارە لە ئەیلولی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

یەکێک لەو پێشهاتانەی کە عەبادی بەنیازە بیگرێتەبەر ، سەندنەوەی وڵاتینامەی عێراقییە لە کوردی باشووری کوردستان ، کوردی نیشتەجێی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی عێراق بە کوردانی فەیلیشەوە.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند “هەڵوێستی حكومەتی عێراق یان لە رێگەی لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی، سەركوەزیرانی عێراق، یان بەیاننامە فەرمییەكان، یان لە رێگەی نوسینگەی سەرۆكوەزیران، یان ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، یان لە رێگەی منەوە، بەو پێیەی گوتەبێژی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانم، بڵاودەکرێتەوە”.
حەدیسی گوتیشی “هەر سەرچاوەیەك جگە لەو سەرچاوانەی ئاماژەم پێكردن، هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر هەر پرسێك دەرببڕێت، حكومەتی عێراق لێی بەرپرسیار نیيە و لەلای ئێمەوە دەرنەچووە و هەڵبەستراوە، ئەگەر هەیە هەندێك لایەن هەبن، بۆ تێكەڵكردنی پرسەكان و شێواندنی رای گشتی كار لەسەر ئەو ئاراستەیە بكەن”.

سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی، گوتەبێژی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت “پێشر رامانگەیاندووە و بەیاننامەیەكیشمان لەم بارەیەوە دەركردووە، جگە لەمە هیچ بەیاننامەیەكی دیكە لە ئەنجومەنی وەزیران لەم بارەیەوە دەرنەكراوە، ئەوەی لەو راگەیێندراوەشدا هاتووە، هەڵبەستراوە و حكومەتی عێراق بەرپرس نییە لێی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com