بارزانی: گشتپرسی بۆ سەربەخۆییە و دەبێت ئەنجامەکەشی جێبەجێبکرێت

0

نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گشتپرسی مافێکی یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکەش دەمانەوێت بە ئاشتیانە لەسەر ئەنجامەکەی دانوستاندنتان لەگەڵ بکەین.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدرێکیدا لەگەڵ “فۆرین پۆلیسی” لەبارەی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە “گشتپرسییەکە بۆ سەربەخۆییە” پرسیاری سەربەخۆبوون لە خەڵک دەکرێت و خەڵک بریار لەو بارەیەوە دەدات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، پێشتر پرسی گشتپرسی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسکردووە و بۆ عەبادی روونکردووەتەوە، کە “گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، شتێکی ئاساییە و هەروەها مافێکی یاسایی خەڵکی ئێمەیە، بۆیەش دەمانەوێت دوای ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە رێگەی دیالۆگەوە، لەسەر ئەنجامەکانی گشتپرسییەکە دانوستاندنتان لەگەڵ بکەین”.

بارزانی لە دیدارەکەدا لەبارەی بۆچوونی جیاوازی سیاسی لەسەر گشتپرسییەکە بەتایبەتی لەنێوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، کە “پرسی گشتپرسی شتێکە پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە ئەم پرسە گەورەترە لە پارت و هەروەها ناکۆکییە سیاسییەکانیش و ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسییە”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە کرد، کە گشتپرسیی بۆ سەربەخۆییە و لە دانوستاندنەکاندا لەسەر ئەم خواستەی گەلی خۆیان کۆڵنادەن، بۆیەش دەبێت ئەنجامی گشتپرسییەکە جێبەجێبکرێت. 

لەبارەی ئەوەش، کە بۆچی ئێستا کاتی ئەنجامدانی ئەو گشتپرسییەیە بارزانی رایگەیاندووە، پێشتر چەندین جاری دیکە ویستویانە گشتپرسی ئەنجام بدەن، بەڵام دۆخەکە گونجاو نەبووە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەم پرسە زیاتر لەمە دوابخەین لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت و هەروەها کاریگەری خراپی لەسەر چارەنووسی خەڵک دەبێت، بۆیە ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی.

سەبارەت بەوەی، کە بۆچی گشتپرسی لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت، کە کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی “ناکرێت چاوەڕێ بکەین تاوەکو هەموو کێشەکان چارەسەردەبن، چونکە ئەوە روونادات”. هاوکات ئاماژەی بەوەداوە، کە “وڵاتانی دیکەش کاتێک ئەو هەنگاوەیان ناوە، کێشەی نێوخۆییان هەبووە، بۆیە ناکرێت ئەو پرسە لەسەر ئەمە دوابخەین، چونکە پرسەکە لەو کێشانە گەورەترە”. راشیگەیاندووە “سەرەتا گشتپرسی ئەنجامدەدەین، ئینجا ئەو کێشانەش چارەسەر دەکەین بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com