پەرلەمانتارێک: هەرزان فرۆشکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵدایە

0

نوچەنێت: تایبەت

گوتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت، کە وەزارەتەکەیان پڕۆژەیان هەبووە، بۆ رێگریکردن لە بەهەرزان فرۆشکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم، پڕۆژەکەشیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵش لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت “ستەمێکی گەورە کراوە بەرامبەر جوتیارانی هەرێم و تێپەڕیووە بەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزیرەکەیدا، گوتی “چارەسەرکردنی کێشەکە لەئێستادا مەحاڵە”.

بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم و کەمکردنەوەی بڕی وەرگرتن، بەشێک لە جووتیارانی کوردستان بە ناچاری گەنمەکانیان بە کەمتر لە نرخی سایلۆ بە بازرگانان دەفرۆشنەوە. ئەمەش زیانێکی گەورەی بە داهاتی جووتیاران گەیاندووە. 

لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، د.ئەنوەر عومەر گوتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: وەکو وەزارەت، پڕۆژەمان هەبووە، بۆ رێگریکردن لە بەهەرزان فرۆشکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم، پڕۆژەکەشمان ئامادەکرد و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانمانکردووە، لەئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین لەسەر پڕۆژەکە، هیوادارین وەڵامێکی ئەرێنی هەبێت.

گوتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی پڕۆژەکەیان گوتی “خۆیدەبینێتەوە لە چەند پێشنیارێك، لەوانە گەنم لە جووتیاران بکڕینەوە و رەوانەی دەرەوەی بکەین، ئەوەش لەو ڕێگەیەوە، کە خۆمان قەرەبووی کۆمپانیاکان بین و پاڵپشتیان بکەین، یاخود بە کۆمپانیا و بازرگان و کارگەکانی ناوخۆی بفرۆشێتەوە، یان فشار بخرێتە سەر حکومەتی ناوەند، بۆ ئەوەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم زیاد بکات”.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بۆ بەکارخستنی کارگەکان و پاڵپشتی لەبەرهەمەکانیشیان، دەبێت هاوردەکردنی ئاردی سفر، ساوار، بڕوێش، گەنمەکوتاو و ماکەرۆنی قەدەغە بکرێت یان باجیان بخرێتەسەر.

لەلایەکی دیکەوە، خەڵەف ئەحمەد شاتوانی ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر بە هەرزانفرۆشکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێم بە نوچەنێت-ی راگەیاند، وەکو لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمان، لەمانگی 4ی ئەمساڵەوە سەرقاڵی ئەم کێشەیەین، چەند جارێك قسەمان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کردووە و بانگێشتی پەرلەمانیشمان کردووە، دوامانلێکردوون چارەسەرێکی بۆبدۆزنەوە. 

خەڵەف ئەحمەد شاتوانی دەشڵێت “ستەمێکی گەورە کراوە بەرامبەر جووتیارانی هەرێم و تێپەڕیووە بەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزیرەکەیدا، کە ئەوان کەمتەرخەمن و بەرپرسیارن لەم کێشەیە. چارەسەرکردنی کێشەکەش، لەئێستادا مەحاڵە و تازە هیچ شتێك ناکرێت، چونکە لە ماوەکانی رابردوودا هەوڵی زۆرماندا بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام بێ سوود بوو”. 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، هۆکاری سەرەکی کێشەکەی خستە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزیرەکەی بەوەی، کە لەرابردوودا سەرۆكوەزیرانی عێراق، کە خۆی سەرۆکی لیژنەکەبووە، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق، هەروەها سێ راوێژکاری پێشکەوتووی شارەزا و چەند بەڕێوەبەری گشتی کۆبوونەتەوە بۆ ئەمەی، کە ئێستا بووە بە کێشە بۆ جووتیارانی هەرێم، کە چۆن گەنمی عێراق و هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، بەڵام ئەوان فەرمانبەرێکیان ناردووە بۆ ئەم لیژنەیە، کە عەبادی هەر حسابی بۆ ناکات و گوێی لێناگرێت، کە دەبوو وەزیری کشتوکاڵ یان سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادە بووایە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com