نوچەنێت
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە گشتپرسی هەرێمی کوردستان کردووە. بارزانی گوتی “دەمانەوێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت”.
رۆژی پێنجشەممە 15ـ 6ـ 2017 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە فرانك بەیكەر، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق لە قۆناغی دوای داعش و هەروەها باسی ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و گشتپرسی كوردستان کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، پەیوەست بەم باسە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە، وڵاتەكەی لەگەڵ مافی نەتەوە و گەلانە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بەڵام لەوباوەڕەدایە كاتێكی باش نییە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی هەرێمی كوردستان”.
لە بەرامبەردا بارزانی رایگەیاندووە “ویستی گەلی كوردستان ئەوەیە، كە دەستكەوتەكانی لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە تووندوتیژی بەدەستبهێنێت، دەیەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت”.