گۆڕان: هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان

0

نوچەنێت: تایبەت 

پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەو شێوازەی کە پارتی و یەکێتی دەیانەوێت، ئێمە هیچ پاساوێکی یاسایمان لەبەردەم نییە و دەڵێت “ناکرێت لەسەر قسەی پارتی و یەکێتی د.یوسف محمەد بگۆڕین”.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 13-6-2017ی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی رازی بوو پەرلەمان کارابکرێتەوە و د.یوسف محەممەد سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتن بکات، پاشان دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستنیشان بکرێ و گۆڕان کەسێکی دیکە لەجێگەی د.یوسف محەممەد دابنێت، ئەو پەیامەش بە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندرا، بەڵام گۆڕان رەتیدەکاتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەبارەی هۆکاری رازی نەبوونی گۆران بەپێشنیازەکەی پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەو شێوازەی، کە پارتی و یەکێتی دەیانەوێت، کە سەرۆکایەتی پەرلەمان دابنیشێت بۆ یەك کۆبوونەوە،  دواتر د.یوسف محمەد، سەرۆکی شەرعی ئێستای پەرلەمان بگۆڕدرێت، ئێمە هیچ پاساوێکی یاساییمان لەبەردەم نییە. 

قارەمان قادر باسی لەوەشکرد، کە ئەوان وەکو حزبێکی سیاسی، هێزێکی گەورەن لە هەرێمی کوردستان، کە خاوەن پێگە و جەماوەرێکی زۆرین و دەڵێت “ناکرێت ئێمە لەسەر قسەی پارتی و یەکێتی د.یوسف محمەد، سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بگۆڕین”.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە، کە سوربوونی گۆڕان لەسەر مانەوەی د.یوسف ئەوە ناگەیەنێت، کە گۆڕان شەخسی بەلاوە گرینگ بێت و گوتیشی “ئەگەر هەر کەسێکی دیکەشبوایە لەجیاتی د.یوسف، گۆڕان هەمان هەڵوێستی دەبوو، لەبەر ئەوەی د.یوسف لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیەوە، تاوەکو ئەو رۆژەی پارتی رێگریلێکرد، هیچ کارێکی نایاسایی نەکردووە، بەڵکو یەکێك بووە لەسەرکەوتووترین سەرۆکەکانی پەرلەمانی کوردستان”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com