دەزگای خێرخوازی بارزانی: هەر خێزانێکی شەهیدی دەستی داعش یەک ملیۆن دیناری پێدەدرێت

0

نوچەنێت

دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕی یەک ملیۆن دینار دەداتە هەر خێزانێکی شەهیدی شەڕی دژ بەداعش لە کوردستان کە سەرجەم تێچووەکەی لەلایەن سیروان بارزانی -یەوە دابین دەکرێت. هەروەها کۆمەڵێک بازرگانیش داوەتکراون، بۆ ئەوەی بەشداربن لە هاوکاریکردنی خیزانی شەهیدان.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 15-6-2017 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، دەزگای خێرخوازی بارزانی، رێوڕەسمی هاوکاریکردنی خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش ساز دەکات، لەو رێوڕەسمەدا دەزگاکە پرۆژەیێکی خۆی رادەگەیەنێت، کە بڕی یەک ملیۆن دینار دەدات بە خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش.

ئیبراهیم سەمین، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە (رووداو)ی راگەیاندووە “ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دەزگاکە ئێوارەخوانێک بۆ کەسوکاری شەهیدانی هەولێر ساز دەکات و لەوێ پرۆژەکە رادەگەیەندرێت و هەموو شەهیدان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، سەرجەم تێچووی پرۆژەکە، لەلایەن سیروان بارزانییە دابیندەکرێت و تاوەکو جەژنی رەمەزان بەسەر هەموو خێزانی شەهیداندا دابەشدەکرێت”.

سەمین روونیشیدەکاتەوە، کە لیستی ژمارەی شەهیدانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگرتووە، کە 1410 شەهیدە، لەو ژمارەیەدا 394 شەهید خەڵکی هەولێرن و 444 شەهید خەڵکی دهۆکن و 344 شەهید لە سنوری سلێمانین و لە سنوری گەرمیان و کەرکوکیش 228 شەهیدن. هاوکارییەکە بۆ هەموو شەهیدانە، بەبێ جیاوازی و خۆبەخشە شەهیدەکانیش دەگرێتەوە. بڕی کۆی پارەکە دەکاتە ملیارێک و 410 ملیۆن دینار.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەی شەهیدانی شەڕی داعش زیاتر لە 1700 شەهیدە، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، کە ئەو لیستە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیراوە و هەر شەهیدێک ناوی لە لیستەکە نەبێت، دەتوانێت سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بکات، ئێمە هاوکارییەکەی پێدەدەین. گوتیشی “ئەو شەهیدانەی دوو هاوژینیان هەبووبێت، هاوکارییەکە دەدرێت بە هەردووکیان، واتا هەر یەکێکیان ملیۆنێک دیناریان پێدەدرێت”.

لەو ئێڤێنتەدا کە ئێوارەی پێنجشەممە ساز دەکرێت، جگە لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانیش تێدا بەشدار دەبن، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، کە کۆمەڵێک بازرگانیش داوەتکراون، بۆ ئەوەی بەشداربن لە هاوکاریکردنی خیزانی شەهیدان.

دەزگای خێرخوازی بارزانیش ماوەیەکە هاوکارییەکی تایبەت بەسەر منداڵانی شەهیدان دابەشدەکات، کە هەر منداڵێک 50 دۆلاری پێدەدرێت و ئەو پرۆژەیە بەردەوامە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com