نوچەنێت- ئاژانسەکان
هاوپەیمانێتییەکی گەورەی رێکخراوە گەنجەکانی جیهان پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دەکات. هەروەها بە پرۆسەیەکی شەرعی دادەنێت.
یەکێتی دیموکراسی لاوانی نێودەوڵەتی (IYDU) لە رێگەی بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێکەوە ئاماژە بەوەدەکات کە “دان بە مافی رەوای هەر کەسێکی ئەم جیهانەدا دەنێت بۆ ئەوەی ئازاد بێت و بڕیار لە سەر حکومەتەکەی خۆی بدات و پاڵپشتی لە عێراقێکی دیموکراسی و ئارامیش دەکات”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەکێتی دیموکراسی لاوانی نێودەوڵەتی دان بە ویستی خەڵکی کوردستانی عێراق و کەمینەکانی دیکەشدا دەنێت، کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و گشتپرسییەکەی رۆژی 25ی ئەیلولی ئەمساڵیش بە پرۆسەیەکی شەرعی دادەنێت.
یەکێتی دیموکراسی لاوانی نێودەوڵەتی چەند داواکاریەکی هەیە:
– داننان بە خەباتی کورد و پێکهاتەکانی دیکەدا، لەوانەش ئەو هەزاران شەهیدەی، کە بە درێژایی چەندین ساڵ چەوساندنەوە داویانن، لەوانەش لە ئەنجامی هێرشە کیمیاییەکانەوە.
– داننان بەو راستییەی، کە کوردەکان و ئاشورییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا زۆریان چەشتووە، هەروەک چۆن لە بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دۆکیومێنت کراوە.
– باوەڕکردن بەوەی، کە کوردەکان رۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە رێگاگرتن لە بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی داعش و کارێکیشیان کرد، کە رێگای بۆ تێکشکاندنی داعش لە موسڵ کردەوە.
– داننان بە قوربانییەکانی پێشمەرگە و گروپەکانی دیکەدا.
– بەشداریکردن لە ئەرکی چاودێریکردن لە گشتپرسیەکەی رۆژی 25ی ئەیلولدا.
– باوەڕبوون بەوەی، کە هەر بڕیارێک دەربارەی داهاتووی عێراق دەبێت، ئامادەکارییە دەستوورییەکان لەبەرچاو بگرێت.
– پاڵپشتیکردن لە گشتپرسییەک، کە ماف و ئازادی تەواوی پێکهاتە ئیتنی و ئایینیەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرێت.
“یەکێتی دیموکراسی لاوانی نێودەوڵەتی” هاوپەیمانێتییەکی جیهانیی گەورەیە لە رێکخراوە گەنجە سیاسییە راستڕەوە میانڕەوەکان و لە باڵی لاوانی هاوپەیمانێتی “یەکێتی دیموکراسی نێودەوڵەتی” پێکدێت.