گۆڕان پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان رەتدەکاتەوە

0

نوچەنێت
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی گروپی راوێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پرۆژەکەی پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆتاییهات و گۆڕان پرۆژەکە رەتدەکاتەوە. دەشڵێن “هەر شێوازێکی تری ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە دەستبەکاربوونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبولکراو نییە”.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە رۆژی 13-6-2017ی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی رازی بوو پەرلەمان کارابکرێتەوە و د.یوسف محەممەد، سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتن بکات، پاشان دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستنیشان بکرێ و گۆڕان کەسێکی دیکە لە جێگەی د.یوسف محەممەد دابنێت، ئەو پەیامەش بە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندرا، بەڵام گۆڕان رەتیدەکاتەوە.

دەقی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان:

ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین، کە لە دوای 12ی ئۆکتۆبەری 2015 وە جەختمان لەوە کردۆتەوە، کە بۆ چارەسەری کێشە یاسایی‌ و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان‌ و چارەسەری قەیرانی دارایی‌ و باشکردنی بژێوی‌ و گوزەرانی هاوڵاتیان پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەو دەستە سەرۆکایەتییە هەڵبژێردراوەی ئێستایەوە دەست بە کارەکانی بکاتەوە. پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین مەرجەعی یاسایی‌ و شەرعی هاوڵاتیانی کوردستان، ئەرکی تاوتوێکردنی هەمو ئەو بابەتانەیە، کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵک‌ و ئایندەی گەلەکەمانەوە هەیە.

هەر شێوازێکی تری ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە دەستبەکاربوونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبولکراو نییە. چونکە هۆکاری سەرەکی ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتییەکەی نییە، بەڵکو کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتی هەرێم‌ و هەوڵی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. بۆیە هەر هەنگاوێک بەبێ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی‌ و چاکسازی ریشەیی لە بوارەکانی دارایی‌ و کارگێڕی‌ و چاودێری وردی کارەکانی حکومەت، نەک چارەسەر نین، بەڵکو پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستوویی زیاتر دەبا و گەلەکەمان پتر نائومێد و ئەزموونەکەمان‌ و ئاییندەشمان دەخاتە بەردەم ئەگەر و مەترسی گەورەترەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com