نوچەنێت-رووداو
پارتی رازییە بەوەی پەرلەمانی کوردستان بەو دەستەی سەرۆکایەتییەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە. یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بە سەرۆکایەتیی یوسف محەممەد بێت، بەڵام لە کۆبوونەوەی دووەمدا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دابنرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 13-6-2017 لە نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، شێوازی کاراکردنەوەی پەرلەمان گەنگەشەکراوە. بە گوێرەی زانیارییەکان پەیامی کۆبوونەوەکە بە بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتووە و چاوەڕێی وەڵامی گۆڕان دەکرێت بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی، تا پەرلەمان بە میکانیزمی نوێ کارا بکرێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پارتی بە شاندی یەکێتیی راگەیاندووە کە ئەوان کێشەیان نییە پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە و یەکەمین کۆبوونەوەش سەرۆکی ئێستای پەرلەمان یوسف محەممەد بەڕێوەی ببات. مەرجی پارتی بۆ رازیبوون بەو میکانیزمە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەی دووەمدا گۆڕان کەسێکی دیکە لەجێگەی سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بۆ هەمان پۆست کاندید بکات و سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دابنرێت.
نوسینگەی سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هەواڵەکەی بۆ (رووداو) پشتڕاستکردەوە و رایگەیاندووە “سەرۆکایەتی ئێستا پەرلەمان کارادەکەنەوە و وەزیرەکانی گۆڕانیش دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئەرکەکانیان”.