ئەبوبەکر کاروانی: بەشداری نەکردنی هەموو لایەنەکان لە گشتپرسی هەیبەتی پڕۆسەکە کەمدەکاتەوە

0

نەوزاد عەلی چوچانی

ئەبو بەکر کاروانی رایدەگەیەنێت، بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامدانی گستپرسی هەرێم بەبێ بەشداری هەموو لایەنەکان پڕۆسەیەکی ناتەواو دەبێت. دەشڵێت “هەیبەتی پڕۆسەکە کەمدەکاتەوە”.

رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبێ بەشداری کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەش رۆژی 25-9-2017 ـ یان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی باشوری کوردستان راگەیاند، تائێستا کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر ئەنجامدانی کاتی پڕۆسەکە رانەگەیاندووە، گۆڕانیش پێوایە ئەمە پڕۆسەی چەند لایەنێکی سیاسییە و نیشتمانی نییە و دەڵێت “بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەنجامدانی گشپرسی نایاسیاییە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەبوبەکر عەلی کەسایەتی سیاسی و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی گشپرسی رایگەیاند: بەشداری نەکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کودستان لە پڕۆژەی گشتپرسیدا، پڕۆسەیەك دەبێت، بەپێچەوانەی ئەوەی، کە پێویستە ببێت و چاوەڕێ دەکرێت، کە رەنگە کێشەی بۆ دروست ببێت لە ئەنجامدانیدا.

ئەبو بەکر کاروانی دەڵێت “ئەگەر هەموو لایەنەکان بەشدار نەبن، ئەوا پڕۆسەکە ناتوانێت ببێتە چوار چێوەیەك بۆ کۆکردنەوەی وزە و توانا نیشتمانییەکان، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەیەکی دیکەی ناکۆکی، لێك دابڕان و بێ متمانەیی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، لەکاتێکدا دەبێت ببێتە سەرچاوەی دروستکردنەوە و بیناکردنەوەی ئیرادەی نیشتمانی لە کوردستاندا”.

ئەو کەسایەتییە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بەشدار نەبوونی هەموو لایەنەکانی کوردستان لەپڕۆسەکە وادەکات، لەبەرچاوی بەرامبەرەکانی دەرەوەدا ئەو وڵات و هێز و ناوەندانەی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمن یان حەز بەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان ناکەن، هەیبەتی پڕۆسەکە کەم بکاتەوە و دەڵێت “ئەمەش هانیان دەدات، کە دژایەتی زیاتری پرۆسەکە بکەن، لەو سۆنگەیەوە، کە ئەمە گوزارشت لە ئیرادەیەکی یەکگرتووی خەڵکی کوردستان ناکات، تەنها پڕۆژەی چەند لایەنێکی سیاسییە و دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە دژایەتی خواستی گەلی کوردستان نییە لە دیاریکردنی مافی چارەنوسدا”.

کاروانی لەبارەی داهاتوی ئەو دەوڵەتەش بەبێ کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر پرۆسەی گشتپرسییەکە گوتی “بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەیەکی ناتەواو دەبێت، ئەگەر سەرکەوتوشبێت وادەکات ئەو دەوڵەتەی دروست دەبێت، بەشێوەیەکی سرووشتی لەدایك نەبێت و کاریگەری هەبێت بۆ قۆناغی دوای سەربەخۆی و دروستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com