نوچەنێت
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ فرانك بێكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق کۆبووەوە و ره‌وشی ئێستای عێراق و دیاریكردنی كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم تاوتوێکرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه 12-6-2017 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له فرانك بێكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
سەرەڕای خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانە بۆ هه‌رێمی كوردستان و بەرزنرخاندنی رۆڵی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق ئاماژه‌ی به‌بۆئەوەشکردووە، كه وڵاته‌كه‌ی خوازیاره په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا تۆكمه‌تر بكات.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ره‌وشی ئێستای عێراق و دیاریكردنی كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی قسه‌كانی بوو.
هەروەها سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و پاڵپشتی و دۆستایه‌تی و هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی دۆستایه‌تیی دێرینی بێكه‌ر، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرد.
سه‌باره‌ت به ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە “ریفراندۆم مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه و دوای ئه‌نجامدانیشی حكومه‌تی هه‌رێم خوازیاری ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌وێته دانوستانێكی جددی به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئه‌نجامێكی وا، كه ئارامی بۆ ناوچه‌كه دابین بكات”.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، باسی له‌و هه‌ماهه‌نگییه باشه‌ی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق كرد، كه به‌هۆیه‌وه سه‌ركه‌وتنی زۆر گه‌وره به‌سه‌ر تیرۆرستاندا تۆمار كراون .
لە کۆتایدا بارزانی دووپاتی كرده‌وه، كه “ریفراندۆم به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته رێگر له‌به‌رده‌م به‌رده‌وامی هه‌رێمی كوردستان له تێكشكاندنی تیرۆر، به‌ڵكو باشتر له جاران رووبه‌ڕووی تیرۆر ده‌بنه‌وه كه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان”.