پارێزگاری هەولێر لەبارەی ژەهراویبوونی ئاوارەکان روونکردنەوە دەدات

0

نوچەنێت

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەبارەی ژەهراویبوونی ئاوارەکان روونکردنەوەیان داو رایانگەیاند، 825 کەس ژەهراویبوون، 638 کەسیان لە نەخۆشخانەکان خەوێنران و یەک حاڵەتی مردنیش هەبووە. گوتیشی” بەوهۆیەوە 7 کەسیش لەسەر رووداوەکە دەستبەسەرکراون”.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: “بەهۆی خۆراکێکی ئامادەکراو لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شام و یوو2 کە لەلایەن رێکخراوی راف تەمویل کرابوو، چێشتخانەی دونیا لە هەولێر بۆ بەربانگ ئامادەی کردبوو و رێکخراوی (عین المحتاجین) دابەشی کردبوو، 825 کەس تووشی ژەهراویبوون هاتن.

نەوزاد هادی باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هەستکردن بە حاڵەتەکە، ژمارەیەک تیم و 42 ئەنبوڵانسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی هەولێر لە کەمپەکان ئامادەبوون، لەگەڵ بنکە تەندروستییەکانی نێو کەمپەکان چارەسەریان پێشکەش بە تووشبووان کردووە، دواتر بنکەی تەندروستی ساڕێژ لە خەبات رۆڵێکی گەورەی هەبووە، ئەوانەشی باری تەندروستیان خراپ بووە، هێنراونەتە نەخۆشخانەکانی رزگاری، فریاکەوتنەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و ناوەند، نەخۆشخانەکانی کۆماری و راپەڕین، ئەوەی پێویست بووە دەستبەجێ بۆیان کراوە و بەخێراییەکی زۆر توانراوە بارودۆخکە کۆنترۆڵ بکرێت.

سەبارەت بە هۆکاری ژەهراویبوونی ئاوارەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی: “دەستبەجێ لیژنەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، لێکۆڵینەوە لە جۆری خواردن و چۆنییەتی ئامادەکردنەکە و هۆکاری ژەهراویبوونەکە دەکرێ و رێککاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوانە دەگیرێتەبەر کە کەمتەرخەم بوونە. 7 کەسیش لەوبارەیەوە دەستبەسەرکراون، یەکێک لەوان ئەندامی رێکخراوەکەیە و 6 کەسەکەی دیکەش کارمەندانی چێشتخانەی دوونیان، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، ئەنجامەکانیش رادەگەیێندرێت”.

لەبارەی بەدەمەوەهاتنی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەو رووداوە، نەوزاد هادی گوتی، سەرجەم پێداویستیتییە پزیشکییەکان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەلایەن تەندروستی هەولێرەوە دابینکراون، وەزارەتی تەندروستی عێراق هیچ هاوکارییەکی تەندروستی پێشکەش نەکردووە، لەکاتێکدا پێویستبوو بیکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com