تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆران رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێتی بەبێ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بچیته ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، رێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی پێشێل دەکات و كارێكی نایاسایه. دەشڵێت “گشتپرسی بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان نایاساییە”.
ڕۆژی 7/6/2017 مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسی و پێكهاته‌كانی كوردستان، بێجگه له گۆڕان و كۆمه‌ڵ، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری ئه‌نجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی درا و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌ویه‌دا بڕیاردرا ڕۆژی 25/9/2017 وه‌ك ڕۆژی گشتپرسی دیاری بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به مه‌رسومێكی هه‌ریمی كۆمسیۆنی هه‌لبژاردنه‌كان ڕاسپیردرا ئاماده‌كاری پێویست بكات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ساماڵ عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی گۆڕان، سه‌باره‌ت به پرسی ریفراندۆم رایگه‌یاند: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێیوایە پێویسته پرۆسه‌ی ریفراندۆم له ریگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه بێت، هەروەها پێویسته په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه و له‌وێوه یاسایه‌ك ده‌ربكرێت و پرۆسه‌كه به یاسایی بكرێت، بێ په‌رله‌مان بزووتنه‌وه‌ی گؤران ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به نایاسایی ده‌زانێت.
ساماڵ عه‌بدوڵڵا ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، یه‌كێتی له‌ناوخۆدا به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌دا دابه‌شبووه، بۆیه هه‌ڵوێستیان روون نییه، ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی گۆران پێیوایه، به‌شداری یه‌كێتی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌بێ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پێشێلكردنی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌ی نێوانیانه، چونكه ئەو رێككه‌وتنه‌كه به ئاشكرا ئاماژه‌ی به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كردووه، هه‌روه‌ها هه‌ر له رێككه‌وتنه‌كه‌دا په‌رله‌مان به مه‌رجه‌ع دانراوه، بۆ پرۆسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
ساماڵ عه‌بدوڵڵا سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی له ئه‌گه‌ری به‌شداری یه‌كێتی له پرۆسه‌ی ریفراندۆم به‌بێ په‌رله‌مان ده‌ڵێت، جاری زووه باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌ڵام له كاتی خۆیدا قسه‌ی خۆمان ده‌بێت.