نوچەنێت-رووداو
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت، پیرۆزبایی گشتپرسی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان کرد و تانەی لە هەڵوێستی ئەنقەرە دا بەوەی پەیامێکی دژیان هەبووە و پێشوازییان لە بڕیارەکەی باشوری کوردستان نەکردووە.
عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، مافی گەلی تورک، گەلی فارس و گەلی عەرەب هەرچییەک بێت، مافی گەلی کوردیش هەمان شتە. ئەوەی دەکەوێتە سەر ئێمە، رێزگرتن و پشتیوانیکردنە لە بڕیارەکانی باشووری کوردستان.
بایدەمیر رەخنەی لە ئەنقەرە گرت و گوتی “ئێستا لە باشووری کوردستاندا ئامادەکاری بۆ گشتپرسی دەکرێت. لە هەر چوار لای دونیاوە پەیامی پیرۆزبایی و رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی کورد دەنێردرێت، بەڵام پەیامی ئەنقەرە هەروەک هەمیشە، تاڵاوە”.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا گوتەبێژەکەی هەدەپە رایگەیاندووە “برا کوردانمان لە باشووری کوردستان، بە پەرلەمان، بە پارتی سیاسییەوە، بە ئیرادەی سیاسییەوە، هەر بڕیارێک بدەن، ئەوەی دەکەوێتە سەر ئێمە رێزگرتنە لێیان و پشتیوانیکردنیانە. هەزار جاری دیکەش پیرۆز بێت و خێری بەدواوە بێت”.