نوچەنێت
یەکەم بڕە پارە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی شەش ملیۆن دۆلاری خستە سەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 7-6-2017 لە شارۆچكەی پیرمام 15 حزب و لایەنی سیاسی باشووری كوردستان، بێجگە لە کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان کۆبوونەوە و بڕیاریاندا رۆژی 25-6-2017 داهاتوو گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە ئیدارییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت. هەروەها 11-6-2017، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا.
هەندرێن محەممەد، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی وەك قۆناغی یەكەم، بڕی 6 ملیۆن دۆلاری وەك سولفە بۆ ئامادەكاریکردن بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی داوەتە كۆمیسیۆن.
هەندرێن محەممەد ئاماژەی بەوەدا، کە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی و هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، داوای 37 ملیار دیناریان لە حکومەت كردووە، 20 ملیار دینار بۆ گشتپرسی و 13 ملیار دینارەكەی دیكەش بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكە، بەڵام تاوەكو ئێستا رەزامەندی لەسەر پێدانی هەموو پارەکە نەدراوە، تەنها بۆ ئامادەكاری گشتپرسی وەك سولفە 6 ملیۆن دۆلار دراوەتە كۆمسیۆن.