نوچەنێت-رووداو
سەرۆکی حکومەتی کوردستان، سەبارەت بە کاردانەوەی وڵاتان لەسەر بڕیاری پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی رایگەیاند “هەڵوێستی وڵاتان ئاساییە و تووند نییە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-6-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، سەبارەت بە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆئەوەی ئەوانیش بەشداری لە گشتپرسیدا بکەن، گوتی “لەگەڵ گۆڕانیش لە گفتوگۆداین و هیوادارین بگەینە ئەنجام، بۆئەوەی ئەوانیش بێن و لەم پرۆسەیەدا بەشداربن. چونکە پرۆسەی گشتپرسی هی هیچ حزب و لایەنێک نییە و هی هەموو گەلی کوردستانە.
سەرۆکی حکومەتی کوردستان گوتیشی “پێویستە هەموو کوردستانییەک بە کورد و تورکمان و کریستیان و هەموو لایەنەکانەوە بەشداری لە گشتپرسیدا بکەن”.
بارزانی سەبارەت بە ئامانجی گشتپرسیش گوتی “خواستی ئێمە روونە، کە چییە و ئەمە پەیوەندیی بە هەموو گەلی کوردستانەوە هەیە. ئامانجی ئێمە لەم ریفراندۆمە ئەوەیە، کە هەموو جیهان تێبگات، کە ویست و خواستی گەلی ئێمە چییە. پێموایە ئەوەی تاوەکو ئێستاش کراوە لەلایەن وڵاتانەوە، شتێکی ئاساییە و کاردانەوەیەکی گەورە نییە”.