بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەسەر گشتپرسی راگەیاند

0

نوچەنێت
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بەفەرمی هەڵوێستی بزووتنەوەکەی بەرامبەر ئەنجامدانی گشترسی دەربڕی و رایگەیاند، ئەو هەوڵەی پارتی و هاوئاوازەکانی دەستیانپێکردووە، پرۆسەیەکی حزبی و نایاساییە. جەخت دەکاتەوە، دەبێ پرسی راپرسی دوا قۆناغ بێ لە نەخشەیەکی هەمەلایەنە پێش راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی شەممە 10-6-2017، لەدوای کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گشتپرسی رایگەیاند “لەم هەلومەجە هەستیارەی گەلەکەمانی پێدا تێدەپەڕێ، نابێ راپرسی و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، کە مافێکی سرووشتی خەڵکی کوردستانە، بۆ بەرژەوەندی شەخسی و بۆ خۆدزینەوە لە کێشەکان بەکاربهێنرێ. نابێ ئەم پرسە بۆ تێپەڕاندنی ناشەفافانەی نەوت و ئەو گرێبەستە گوماناویانە بەکاربهێنرێ، کە گرێبەستەکەی رۆسنەفتی روسی دواهەمینیان بوو و هەرێمەکەمانی خستووەتە ژێر قەرزێکی گەورەوە و ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتووشی گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار”.

شۆڕش حاجی دەڵێت، بەڕای بزووتنەوەی گۆڕان، دەبێ پرسی راپرسی دوا قۆناغ بێ لە نەخشەیەکی هەمەلایەنە پێش راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان،  گوتیشی، بەڵام ئەو پرۆسەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوئاوازەکانی دەستیانپێکردووە، پرۆسەیەکی حزبی و نایاساییە. نابێ ئەم پرسە یان هیچ هۆکارێکی دیکە، بکرێنە پاساو بۆ دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی گشتی لەکاتی خۆیدا. 

 شۆڕش حاجی گوتی “ئێستا پەیامەکانی بوون بە داواکاری خەڵکی کوردستان و نەخشەڕێگاکەی بۆ سەربەخۆیی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئاسوودە بوون بە جێگەی ئومێدی هاونیشتمانیانی کوردستان، هەر بۆیە بە ئیرادەیەکی زۆر لە جاران بەهێزتر و بە گیانی لەخۆبوردوویی و تەباییەوە بەردەوام دەبین و دڵنیایین بەپشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان هەر بە ئامانجەکانمان دەگەین”.

سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی، شۆڕش حاجی جەتیکردەوە “بزووتنەوەی گۆڕان درێژە بە هەوڵەکانی کاک نەوشیروان دەدا، کە لە تافی لاوێتییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی تێکۆشانی بۆ کردوە. لەوانە، دەستەبەرکردنی بناغەو پایەکانی دامەزراندن‌ و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە یاسا تێیدا سەروەربێ ‌و کەرامەتی هاونیشتمانیان پارێزراوبێ‌‌، نێوماڵی کورد رێکبخرێ ‌و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی‌ و بەیەکەوە کارکردنی هەمو هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی دەستەبەربکرێ‌، کۆتایی بە قۆرخکاری لە هەمو بووارەکانی حکومڕانی‌ بهێنرێ ‌و رێگەنەدرێ ئیرادەی تاکە کەس‌ یان تاکە حزب‌ یاخود تاکە خێزان بەسەر هەموو خەڵکی کوردستاندا بسەپێنرێ‌، چاکسازی ریشەیی لە بواری دارایی ‌و کارگێڕیدا بکرێ‌‌ و باشکردنی ژیا ن‌و گوزەرانی هاووڵاتیان ئەولەویەتی کارەکانمان بێ”.

دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان:

ئەمڕۆ (10/6/2017) جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانییە لەدوای کۆچی دوایی بیرمەند ‌و سەرکردەی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی ‌و داهێنەری خەباتی مەدەنی لە کوردستان،‌‌ نەوشیروان مستەفا.

وێڕای ناردنی رێز و سڵاو بۆ گیانی پاکی، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە یەک دەنگ جەختیان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە:

یەکەم: جڤاتی نیشتمانی پێداگری لەسەر پرەنسیپە بنچینەییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکاتەوە. سەروەری یاسا، خەباتی مەدەنی ‌و دەستاودەسکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات‌، ئازادی بیروڕا، سەربەخۆیی دادگاکان‌‌، بێلایەنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە ململانێ سیاسییەکان‌، مافی چارەنوس ‌و پێکەوەژیانی نەتەوەو پێکهاتەکان بەشێکی ئەو پرنسیپانەن. ئەمانەش ماکی کارکردنمانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان لە گۆڕینی سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان‌، ریشەکێشکردنی گەندەڵی‌‌، چاکسازی لە سیستمی کارگێڕی‌، بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی‌‌، ئازادییە فەردی ‌و گشتییەکان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان‌.

دوەم: بزووتنەوەی گۆڕان درێژە بە هەوڵەکانی کاک نەوشیروان دەدا، کە لە تافی لاوێتییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی تێکۆشانی بۆ کردووە. لەوانە، دەستەبەرکردنی بناغە و پایەکانی دامەزراندن‌ و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە یاسا تێیدا سەروەر بێ ‌و کەرامەتی هاونیشتمانیان پارێزراو بێ‌‌، ناوماڵی کورد رێکبخرێ‌ و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی‌ و بەیەکەوە کارکردنی هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی دەستەبەر بکرێ‌، کۆتایی بە قۆرخکاری لە هەمو بوارەکانی حکومڕانی‌ بهێنرێ‌و رێگە نەدرێ ئیرادەی تاکە کەس‌ یان تاکە حزب‌ یاخود تاکە خێزان بەسەر هەمو خەڵکی کوردستاندا بسەپێنرێ‌، چاکسازی ریشەیی لە بواری دارایی ‌و کارگێڕیدا بکرێ‌‌و باشکردنی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان ئەولەوییەتی کارەکانمان بێ.

بزوتنەوەی گۆڕان درێژە بە کاروباری رێکخراوەیی خۆی دەدا و بەپێی دەستور و بەرنامەکەی جەخت لەسەر کاری دامەزراوەیی ‌و پابەندبون بە توندوتۆڵ کردنی ئۆرگانەکانی‌ و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ چین‌و توێژەکانی کوردستاندەکاتەوە.

هاونیشتمانیانی کوردستان 

لەم هەلومەرجە هەستیارەی کە گەلەکەمان پێیدا تێدەپەڕێ نابێ پرسی راپرسی ‌و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، کە مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانە، بۆ بەرژەوەندی شەخسی‌ و حیزبی‌ و بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاربهێنرێ. نابێ ئەم پرسە بۆ تێپەڕاندنی ناشەفافانەی داهاتی نەوت‌ و ئەو گرێبەستە گوماناویانە بەکار بهێنرێ، کە گرێبەستەکەی روسنەفتی روسی دواهەمینیان بو،هەرێمەکەمانی خستۆتە ژێر قەرزێکی گەورەوە و ژیان‌ و بژێوی خەڵکی کوردستان‌و نەوەکانی داهاتوشی گەیاندۆتە ئاستێکی مەترسیدار. دەبێ پرسی راپرسی‌ دوا قۆناغ بێ لە نەخشەیەکی هەمەلایەنە پێش راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام ئەو پرۆسەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و هاوئاوازەکانی دەستیان پێکردوە پرۆسەیەکی حیزبی ‌و نایاساییە. نابێ ئەم پرسە یان هیچ هۆکارێکی تر بکرێن بە پاساو بۆ دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی گشتی لە کاتی خۆیدا.

لە کۆتاییدا بەڵێن بە گیانی پاکی کاک نەوشیروان‌ دەدەین‌‌ کە لەسەر رێگاکەی بەردەوام دەبین ‌و هیچ هێز و لەمپەرێک نامانوەستێنێ. ئێستا پەیامەکانی بون بە داواکاری خەڵکی کوردستان‌ و نەخشەرێگاکەی بۆ سەربەخۆیی ‌و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسودە، بون بە جێگای ئومێدی هاونیشتمانیانی کوردستان. هەر بۆیە بە ئیرادەیەکی زۆر لە جاران بەهێزترو بە گیانی لەخۆبوردویی ‌و تەباییەوە بەردەوام دەبین‌ و دڵنیاین بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان هەر بە ئامانجەکانمان دەگەین‌.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
10/6/2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com