تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: جڤاتی نیشتمانی تاوتوێ قۆناغ و كاری داهاتوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 10/6/2017 جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له دوای وه‌فاتی نه‌وشیروان مسته‌فا، ریكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ساز ده‌كات، بڕیار وایه لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین پرسی تایبه‌تی كوردستانی و ناوخۆی بزووتنه‌وه‌كه باس بكرێت.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، عه‌بدوڵڵا كوێخا موباره‌ك، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆران رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گؤران له دوای كۆچی دوای كاك نه‌وشیروان ساز ده‌كه‌ین، بڕیار وایه سه‌ره‌تا وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ خه‌بات و مێژوی كاك نه‌وشیروان ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتمانی پیكه‌وه بچینه سه‌ر گڵكۆی كاك نه‌وشیروان.
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه، عه‌بدولای كویخا موباره‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ناوه‌ڕۆكێكی دیاری كراومان به ده‌ست نه‌گه‌شته‌وه، به‌لام له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می پاش وه‌فاتی كاك نه‌وشیروانه، باس له قۆناغی دوای كاك نه‌وشیروان ده‌كه‌ین، بزانین كاری بزووتنه‌وه‌كه له داهاتوو چۆن ده‌بێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی جڤاتی نیشتمانی زیاتر دواو گوتی، بیگومان پرسه ناوخۆیه‌كانی هه‌رێم و پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی یه‌كێكی دیكه ده‌بێت له باسه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.