چارەنوسی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای نەوشیروان مستەفا بەرەو کوێ؟

0

نوچەنێت 
بەڕێوەچوونی کارەکانی گۆڕان لە گفتوگۆ گەرمەکانی پشت پەردەی سەرکردە باڵاکانی گۆڕانە، هەرچەندە ئەو پرسە بۆ دوای چلەی نەوشیروان مستەفا هەڵگیراوە، بەڵام هەندێک سەرکردەی گۆڕان پەیامە هەشت خاڵییەکەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کە رۆژی 12-11-2016 ئاراستەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی، رێکخەری ژوورەکان و گروپی راوێژی کرد، بە نەخشەڕێگەی بزووتنەوەکە بۆ وەرگرتنی بڕیاری سیاسی دەزانن.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2006 لە یەکێتی جیابووەوە و کۆمپانیای وشەی دامەزراند. لە 2009  لیستێکی سەربەخۆی بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان پێکهێنا و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد، لەو هەڵبژاردنەشدا 25 کورسی بەدەستهێنان، ئێستاش بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 24 کورسییە.

رۆژی 17–5-2016، یەكێتی و گۆڕان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی و نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، رێككەوتننامەیەكی 25 خاڵییان واژۆ كرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێك، گۆڕان گلەیی لە یەكێتی دەكات و بەوە تۆمەتباری دەكات، كە خۆی لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی دەدزێتەوە. ئەوەی گرنگە تائێستا یەک خاڵیش لەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە و زۆر جار هەڵسووڕاوانی گۆڕان بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنە دەزانن بە فشار هێنان بۆ یەکێتی.

دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە رۆژی 19-5-2017 دا، تاوەکو ئێستا یەکێتی، دوو جار لە راگەیێندراو -و گوتاری فەرمیدا، داوای یەکگرتنەوەی لە گۆڕان کردووە. ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی بەشێک لە کاربەدەستانی گۆڕان، چونکە هێشتا نەوشیروان مستەفا بەخاك نەسپێردرابوو، کە یەكێتی بەجددی ئەو داوایەی لە گۆڕان کرد.  بەشێک لە کاربەدەستانی گۆڕان دەڵێن، كاتێك رێکخەری گشتی لەژیاندا مابوو ، یەکێتی ئامادە نەبوو رێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ بكات، چۆن پاش مردنی دەتوانێ داوای یەكگرتنەوە بكات؟

هەڵسوڕاوە باڵاكانی گۆڕان دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا لە پەیامەکانیاندا، بەڕوونی گوتوویانە، كە دەیانەوێ دەست بە بزووتنەوەكەیانەوە بگرن و تەمای چوونە نێو یەكێتییان نییە. تا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابوو، هیوای یەكگرتنی گۆڕان و یەكێتی لەئێستا زیاتر بوو، چونكە پاش مام جەلال تەنیا ئەو دەیتوانی كۆتایی بەو یەكترشكاندنانە بهێنێ، كە لەنێو سەركردایەتی یەكێتیدا هەبوو، بەڵام ئێستا بۆ گۆڕانەكان چوونە نێو یەكێتی هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ فەشەلهێنانی بزووتنەوەکەیان.

نەوشیروان مستەفا میراتگری سیاسی دەبێت

چیا نەوشیروان مستەفا، بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی لە بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان وەرگرتووە. زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت و خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیایە. لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، نما و چیا لەگەڵ باوكیان بەبێ‌ وەرگرتنی هیچ ئەركێك وەكو هەڵسوڕاوی ئەو بزووتنەوەیە دەركەوتوون. لە زۆربەی سەردانی نوێنەری حزبەكان و دیپلۆماتكارانی وڵاتاندا بۆ لای نەوشیروان مستەفا دەردەكەوتن. لە كۆنگرەی یەكەمی بزووتنەوەی گۆڕانیشدا، كە لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەكو میوان بەشدارییان كرد.هەڵسوڕاوێكی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەبارەی رۆڵی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان، بە کەناڵی (رووداو)ی گوتووە “واقیعی كۆمەڵگەی كوردی هەندێك شت بەسەر كوڕەكانی كاك نەوشیرواندا فەرز دەكات، باوكیان نیو سەدە سیاسەتی كرد، ئەوانیش بەردەوام لەگەڵی بوون، بەشداریی كۆبوونەوەی سیاسی زۆر و گرنگیان كردووە، بۆیە ئەوانیش بیانەوێ‌ و نەیانەوێ‌ تێكەڵی كاری سیاسی دەبن، بەڵام تاوەكو ئێستا، بەهیچ شێوەیەك باسی بەشداری و وەرگرتنی پۆست لەنێو گۆڕان لەلایەن ئەوانەوە نەكراوە”.

بەپێی قسەی ئەو هەڵسوڕاوە، كە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە، چیا بە پێچەوانەی برا گەورەكەی (نما)، ئارەزووی بەشداریی سیاسی و جموجۆڵی كۆمەڵایەتی و تێكەڵبوونی لەگەڵ هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان زیاترە، لەدوای تەواوكردنی خوێندنی، بەردەوام لەگەڵ باوكی بووە و رۆڵی سكرتێری تایبەتی بینیوە، لە زۆربەی دانیشتن و دیدارەكانی باوكی و نووسینەوەی یاداشتەكانیدا بەشدار بووە، رێكخستنی پەیوەندی و تەلەفۆنەكانی نەوشیروان مستەفا لە رێگای ئەوەوە بووە. لە زۆر كۆبوونەوەی شاندی باڵای گۆڕاندا لەگەڵ شاندی بیانی، بە تایبەتی ئەمریكی و بەریتانی بەشداری كردووە. ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێ‌ “بەراورد بە نما، چیا مەیلی بۆ كاری سیاسی زیاترە”.

 
 نەوشیروان مستەفا بریکارنامەی داوەتە عومەری سەید عەلی
رۆژی 2-11-2016 لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بریکارنامەیەکی تایبەتی بۆ عومەری سەید عەلی، بەمەبەستی راپەڕاندنی کارە یاساییەکانی گۆڕان و تۆمارکردنی ناوی بزووتنەوەکە وەک قەوارەیەکی سیاسی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد. ئەوەش بەلای شرۆڤەکارانەوە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، کە عومەری سەید عەلی بەهێزترین کاندیدبێ بۆ پۆستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.(1)

بەپێی بریکارنامەکە، عومەر عەلی حوسێن (عومەری سەید عەلی) دەتوانێ لەجیاتی رێکخەری گشتی، هەموو کار و رێکارێکی یاسایی لە واژۆ و پڕکردنەوەی فۆرم و نوێنەرایەتیکردنی گۆڕان لە بەردەم دادگا و کۆمیسیۆن جێبەجێبکات. هەروەها تانەدان لە هەر بڕیارێک، لەبەردەم دادگای پەیوەست بە تۆمارکردنی گۆڕان وەک حیزبێکی سیاسی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

لە ماددە 15ی دەستووری گۆڕاندا ئاماژە بەوەکراوە، کە لەکاتی چۆڵبوونی پۆستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، یان یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی گشتی، یان کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردوو جڤاتەکە بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و بە زۆرایەتی رەها هەڵدەبژێردرێن، بەڵام (رووداو) زانیویەتی بۆچوونێکی بەهێز لەنێو گۆڕاندا هەیە، کە دوای چلەی نەوشیروان مستەفاش بزووتنەوەکە رێکخەری گشتی هەڵنەبژێرێت، بەڵکو بیخاتە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. کە بەپێی یاسا دەبێ لە رۆژی 6-11-2017 پێکەوە بەڕێوەبچن.

ئیسماعیل نامیق، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو ئاگاداری ئەو بریکارنامەیە نییە و تاوەکو دوای چلەی نەوشیروان مستەفا، هیچ قسەیەک لەسەر پۆستی رێکخەری گشتی ناکەن.

پێشنازەکانی نەوشیروان مستەفا بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان

 بە گوێرەی زانیارییەکان، گفتوگۆ گەرمەکانی پشت پەردەی سەرکردە باڵاکانی گۆڕان، بەڕێوەچوونی کارەکانی گۆڕانە، هەرچەندە ئەو پرسە بۆ دوای چلەی نەوشیروان مستەفا هەڵگیراوە، بەڵام هەندێک سەرکردەی گۆڕان پەیامە هەشت خاڵییەکەی رێکخەری گشتی گۆڕان، کە رۆژی 12-11-2016 ئاراستەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی، رێکخەری ژوورەکان و گروپی راوێژی کرد، بە نەخشەڕێگەی بزووتنەوەکە بۆ وەرگرتنی بڕیاری سیاسی دەزانن.

نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی زۆرترین کەس و ئۆرگانەکان بەشداریی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لەنێو گۆڕاندا بکەن، داوایکردووە سکرتێری جڤاتی گشتی، بەرنامەی کۆبوونەوەکانی بە راوێژ لەگەڵ هاوڕێیەکانی دابنێ و بە نووسراو بینێرێت بۆ هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی، کۆبوونەوەی هەردوو جڤاتەکەش بکرێتە مانگانە، یەکەمجار جڤاتی گشتی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، راسپاردە و پێشنیازی پێویست دەربارەی هەر بابەتێک کە لە بەرنامەی کۆبوونەوە دانراوە، راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی، جڤاتی نیشتمانی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەمان بەرنامە.

لە خاڵێکی دیکەی پێشنیازەکەی نەوشیروان مستەفادا هاتووە، هەموو مانگێک لە دوای کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی، سەرجەم رێکخەر و ئەندامانی ژوورەکان کۆببنەوە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی.

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەو پەیامەیدا، هەروەها داوایکردبوو گروپی راوێژکاری بە هاوکاری لەگەڵ رێکخەری ژوورەکان، کە ژمارەیان 11 رێکخەرە، لەنێوان دوو کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا، چاودێریی وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤات بکەن.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەکەش جەمال محەممەد، سكرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتە کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە،

دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، لە یەکەم لێدواندا لەسەر ئەو پرسی پڕکردنەوەی شوێنی رێکخەری گشتی قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند(2)، کە لە کاتی نەخۆشکەوتنی نەوشیروان مستەفادا ئەوان نەیانتوانیوە شوێنی ئەو پڕبکەنەوە و  شوێنی نەوشیروان مستەفا پڕناکرێتەوە. بەڵام ئەوان بزووتنەوەیەکی گەورەن و کۆدەبنەوە بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە.

بە گوێرەی پەیڕەوی ناخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، کە بە دەستووری بزووتنەوەکە ناسراوە سەبارەت بەو پرسە هاتووە “لەکاتی چۆڵبوونی جێگەی ڕێکخەری گشتیدا لە سۆنگەی وازهێنانی یان هەر هۆیەکەی ترەوە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی، یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی یان یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی گشتی یان کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لەدەرەوەی هەردوو جڤات، بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ و بە زۆرینەی ڕەها هەڵدەبژێرن”.

 رێگەی باش لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕان 

فەرەیدون عەبدولقادر، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە دووەم رۆژی پرسەی نەوشیراون مستەفا لە شاری سلێمانی، لەبارەی کاریگەری غیابی نەوشیراون مستەفا بەسەر بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند(3) “لای هەموو کەسێک ئاشکرایە غیابی مام جەلال چ کاریگەرییەکی کردووەتە سەر ریزەکانی یەکێتی، هیوام وایە برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان باش رێکبکخەن، بەڵام بمانەوێت و نەمانەێت کاریزما و کەسیەتی کاک نەوشیروان، زۆر لەوە گەورەتر و کاریگەرترە بەسەر بزووتنەوەکە، کە پێیانەوە دیارنەبێت، بێگومان پێیانەوە دیاردەبێت”.

ئەندامەکەی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوایە “تاکە رێگەی باش لەبەردەم گۆڕان ئەوەیە لەگەڵ یەکێتی یەکبگرنەوە، نەک باسکردن لە رێککەوتنی سیاسی، چونکە ئەمە دەرمانی هیچ دەردێک نییە، بەڵکو دەرمانی دەردەکان ئەوەیە یەکبگرنەوە و ریزەکانیان یەکبخەن، ئەگینا من دەزانم لە غیابی کاک نەوشیراون چی روودەدات، لە چەند مانگی ئاییندەدا زۆر دیاردە بە چاوی خۆمان دەبینین”.

رابوون مەعرووف، پەرلەمانتار و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی یەکگرتن و یەکگرتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند(4) “نە یەکگرتن لە بەرنامە و ئەجێندای بزووتنەوەی گۆڕاندایە لەگەڵ هیچ حزبێکی سیاسی، نە یەکگرتنەوەش”. دەڵێت “ئێمە داخوازیمان لە سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەیە، ئێستا پێویست نییە باسی یەکگرتن بکەین، کە هەر روونادات، ئەگەر ئەوان پێیانباشە ئێمە ئێستاش سورین، پێمانوایە ئەو رێککەوتنە سیاسییەی ئێمە خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەکەمان و دیموکراسی و دادپەروەری دەکات، هیوادارین ئەوان سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکەمان بێنە پێشەوە و جددی بن.

 

دوایی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، چەندین پرسیار چاودێرانی سیاسی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، لەوانە چارەنووسی بزوتنەوەی گۆڕان، چارەنووسی ڕێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی و چارەنووسی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و گۆڕان.هەرچەندە یەکێتی دوای نەوشیروان مستەفا. خوازیاری یەکگرتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ یەکێتی، بەڵام بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی گۆڕان لەم قۆناغەدا گۆڕان تەنیا یەک چاوەڕوانی لە یەکێتی هەیە ئەویش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیانە وەک خۆی.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی بە دووری دەزانن لانیکەم لە کورت ماوەدا، گۆڕان بیر لە بژاردەی یەکگرتنەوە بکات لەگەڵ یەکێتی، بەوپێیەی لەلایەکەوە گۆڕان نایەوێت لەگەڵ لایەنێکدا یەکبگرێتەوە، کە ئەو لایەنە خۆی چەند ساڵێکە بەدەست کێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەری ئەوە هەیە بژاردەی یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی لە ناوخۆی گۆڕاندا ناکۆکی و دووبەرەکی لێبکەوێتەوە، بەوپێیەی پێناچێت بەشێکی بەرچاوی هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕان لەگەڵ یەکگرتنەوەدابن لەگەڵ یەکێتیدا.

سەرباری هەموو ئەو ئەگەرانە بەشێکی دیکەش لە چاودێران پێیانوایە، بەشێکی بەرچاوی لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو خەڵکە ناڕازییە بوون، کە نەوشیروان مستەفا توانیبووی لە دەوری بزووتنەوەکە کۆیان بکاتەوە، بەهیچ جۆرێک رازی نابن گۆڕان لەگەڵ یەکێتی یەکبگرێتەوە و لە ئەگەری یەکگرتنەوەشدا ئەوا ئەو بەشە لە لایەنگرانی گۆڕان تێکەڵ بەو یەکگرتنەوەیە نابن.

لە دوای چلەی نەوشیروان مستەفا، سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆیان رایانگەیاندووە، دەبێ پرسی پڕکردنەوەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەکەیان یەکلا بکەنەوە و دەست بە بزووتنەوەکەوە بگرن تا هاوپەیمانەکانیان چاوی تەماحیان لە سەر لایەنگرەکانیان لادەن، ئەگەر نا داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێیان دەکات.
لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بە پێێ زانیارییەکان، یەکێتی داوای یەکگرتنەوە لە گۆڕان دەکات، پارتی، داوای دانوستان و کۆمەڵی ئیسلامی، لە هەوڵێ راکێشانی سەرنجی ئیسلامییەکانی ناو گۆڕاندایە، ئایا کام لەم هەڵبژاردانە لە خزمەتی بزووتنەوەی گۆڕاندان. بەرپرسێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، کە نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، پێشنیارەکەی پارتی پەسەندترە بەڵام بەداخەوە درزو رکابەرییەکی بێ وێنە لە ناوچەی سلێمانی بە گشتی و ناو بزووتنەوەی گۆڕان، بە تایبەتی دژ بە پارتی بەرهەم هێنراوە، کە کارێکی لەم جۆرە ئاسان نابێت.
1- http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/050620171 
2- http://www.speemedia.com/drejan.aspx?=hewal&jmare=45724&Jor=41
3- http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2105201711
4- http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2005201716
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com