نەوزاد عەلی چوچانی
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی رایدەگەیەنێت، هەڵوێستی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان، شتێکی زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراو بووە و دەشڵێت “ئەو جۆرە هەڵوێستانە وەکو عورفێکی نێودەوڵەتی یان مامەڵەیەکی دیپلۆماسییە و هەڵوێستی تەواو نییە لەسەر پڕۆسەکە”.
رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەش رۆژی 25-9-2017 ـ یان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی باشوری کوردستان راگەیاند. لە یەکەم کاردانەوەی نێودەوڵەتیدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریدا لە گرتنەبەرى هەنگاوى تاک لایەنە لە پرسی ریفراندۆمدا و گوتی، یەکپارچەیی عێراق، هەڕەشەى گەورەى لەسەرە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ،ئێمە لە خەونی رەوای گەلی کورد تێدەگەین و رێزی لێدەگرین، بەڵام ئێمە پشتگیری یەکپارچەیی خاکی عێراقێکی دیموکرات دەکەین. گوتیشی، دوای تێکشکانی داعش بەرپرسانی هەرێم و عێراق دەتوانن گفتوگۆ بکەن، لەبارەی سەربەخۆیی هەرێمەوە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند، بڕیاری هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەڵەیەکی گەورەی ناساند.
کاردانەوەی وڵاتانی نێودەوڵەتی مامەڵەیەکی دبلۆماسییە
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گشتپرسی و کاردانەوەی وڵاتان رایگەیاند: کاردانەوەی وڵاتانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، شتێکی زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراو بوو. هەروەها دەڵێت “ئەم جۆرە هەڵوێستانە وەکو عورفێکی نێودەوڵەتی یان مامەڵەیەکی دیپلۆماسییە وایە، چونکە نابێت هیچ وڵاتێك هانی پێکهاتەیەك یان ناوچەیەکی جوگرافی بدات، کە ببێتەهۆی پارچەپارچەکردنی وڵاتێك، ئەوان دەیانەوێت هەموو وڵاتێك بە یەکگرتووی بمێنێتەوە و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتانە بەئاشتی و برایەتی بژین”.
دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکە وڵاتان پیرۆزبایمان لێ دەکەن
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی باسی لەوەشکرد ،کەلەسەرەتای پڕۆسەکەدا زۆر بەتوندی دژایەتی دەکرێت و گوتیشی”دەبێت خەڵکی کوردستان وشیار بێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی نیشتمانیە و پەیوەستە بەهەموو نەتەوەکانی کوردستانەوە، یەکەم قۆناغی پڕۆسەکە گشتپرسییە و قۆناغی دووەم سەربەخۆی کوردستانە، کە نازانین کەی دەبێت، ئەو کاتە بەشێوازێکی ئاشتیانە، دیموکراتی و شارستانیانە، بەپێی بارودۆخەکە، بڕیاری لەسەر دەدەین، ئەوکاتە ئەو وڵاتانەی، کە داوادەکەن پڕۆسەکە ئەنجام نەدرێت، ئەوانیش پیرۆزبای لێدەکەن و پشتگیریشی لێدەکەن”.
نابێت کورد لەبڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی پاشگەز ببێتەوە
محەمەد ئیلخانی جەخت لەئەنجامدانی گشتپرسییەکە دەکاتەوە و دەڵێت “مادەم بڕیارمانداوە و رۆژەکەمان دیاریکردووە، بەهیچ شێوازێك نابێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لەبڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی پاشگەز ببێتەوە. پێویستە ئەم جۆرە لێدوانانە لە ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، نابێت خەڵکی کوردستان گوێ بەم جۆرە لێدوانانە بدات، چونکە ئەم جۆرە هەڵوێستانە مامەڵەی دیپلۆماسین و هەر روودەدات”.
پشتگیری مەسیحی و تورکمانەکان هەنگاوێکی زۆر باشە
سەرۆکی ئەو پارتە تورکمانییە ئاماژەی بە پشتگیری پێکهاتەکانی وەکو مەسیحی و تورکمانەکان، بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی کرد، کە چەندەها لایەنی سیاسیان هەیە و دەڵێت “هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ هەرێمی کوردستان، کە دەتوانێت لە ئاستی وڵاتانی نێودەوڵەتی شانازی پێوە بکات، کە پرسی سەربەخۆی کوردستان، تەنها پرسێکی تەتەوەیی نییە، کە کوردستان باسی لێوە دەکات، بەڵکو هەموو نەتەوەکانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیەدان، کە هەنگاوی یەکەمە بەرەو سەربەخۆی و دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان”.
هەندێک لایەن هەوڵدەدەن شکست بەگشپرسیەکە بێنن
ئیلخانی بۆ نوچەنێت زیاتر دواو گوتی “ئەگەر سەیری بارودۆخەکە بکەین، یەکەم وڵات، کە پێی ناخۆش بێت عێراقە، داوا دەکات نەکرێت و دژی دەوەستێتەوە، بۆیە گشتپرسی، کە بڕیارمان لەسەر داوە و خەڵکی کوردستان دەیەوێت چارەنوسی خۆی دیاری بکات، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بکات، کە رووبەڕووی رەخنە ببێتەوە”.
ناوبراو ئاشکراشیکرد “کە هەندێک لایەن هەوڵدەدەن شکست بە گشپرسییەکە بهێنن، یاخود هەندێك لایەن بەرژەوەندیان لەوە دایە، کە عێراق بەم شێوە پەرتەوازی و کێشە و گرفتە بمێنێتەوە. هەروەها دژایەتیکردنی هەندێک لایەن بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، شتێکی زۆر ئاساییە و نابێت گاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر پڕۆسەی گشتپرسییەکە”.
وڵاتانی رۆژهەڵات ئیرادەیان لەدەست خۆیاندا نییە
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت “لەبەر ئەوەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، گیروگرفت و کێشە هەبووە، کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە، خۆیان تەسلیمی وڵاتانی دیکە کردووە، لەبەر ئەوەی هەر شتێک بکرێت، دەبین وڵاتانی دراوسی و وڵاتانی دیکە، راوبۆچونی خۆیان لەسەر پرسەناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە دەڵێن”. بەپێچەوانەوە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، کە ئیرادە لە دەستی خۆیاندایە، تائێستا چەندین گشتپرسییان کردووە، هیچ وڵاتێك رای خۆی لەسەر نەگوتووە، وەکو کێشەیەکی ناوخۆی سەیریانکردووە.