نوچەنێت-نیوز ئایر
سعودیە و ئیمارات، دوو هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناڤین، کەمپەینێکیان بۆ گۆشەگیرکردنی قەتەر، هاوپەیمانێکی دیکەی واشنتۆن لە ناوچەکە دەستپێکردووە. سعودیە و ئیماراتی هۆی ئەم بڕیارەیان بۆ پاڵپشتیکردنی گروپە تیرۆریستی و فیرقەییەکان لە لایەن قەتەرەوە راگەیاندوو و پێیان وایە، کە ئەم وڵاتە هەوڵی نائارامی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە دەدات.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، کە هیوادارە گۆشەگیرکردنی قەتەر ببێتە دەسپێکێک بۆ کۆتایی هێنان بە دێوەزمەی تیرۆریزم. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە یەکێک لە گەورەترین بنکە ئاسمانیەکانی ئەمرکا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە قەتەردایە.
وێڕای ئەم گۆڕانکاریانە، داعش لە تاران پەرلەمان و مەزارگەی خومەینی کردە ئامانج، هێرشێک، کە بووە هۆی کوژرانی 17 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. لە هەڵویستێکدا، سوپای پاسدارانی ئێران پەنجەی تاوانی بۆ لای سعودیە راکیشاوە و لەم بارەیەوە بە توندی رەخنەی لە ریاز گرتووە.
بۆ تێگەیشتنی باشتر لەم هاوکێشەیە و رەوتی ئەم گۆڕانکاریانە، دەبێ لە پرسیارێکی جددی تێبگەین و وردبینی تەواوی لە سەر بکەین. بەم پێشەکیەوە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، کە کێشە و ململانێ گەورەکە لە نێوان کام وڵاتان دایە و بێ متمانەیی مەزهەبی نە نێوان شیعە و سوننە، تا چ رادەیەک پەیوەندی بە رکابەرایەتی و دوژمنایەتی ئێران و سعودیەوە هەیە؟
لە روانگەی سعودیە و هاوپەیمانانی، ئێران دژبەر و دوژمنی پلەیەکە. ئەوان پەیوەندی قەتەر و ئێرانیان کردۆتە ئامانج و یەکێک لە هۆکارەکانی پەیوەندی چڕ و دۆستانەی ئەم دوو وڵاتە، سەرچاوەکانی وزە، بە تایبەت گازە. ئێران و قەتەر خاوەنداری مەیدانێکی گەورە و هاوبەشی گازن لە کەنداو. وڵاتی کوێتیش، کە ئێستا بە نیازە نیوانگیری لە نێوان شێخەکانی عەرەب و قەتەردا بکات، خاوەنی سەرچاوەی نەوتی هاوبەشە لە گەل ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، کەمپەینی سعودیە، قەتەر وەکو وڵاتێک دەبینن، کە پابەندی ریوشوێنی گەمە نییە. قەتەر لە گەڵ ئیسرائیل پەیوەندی نزیکی هەیە، پەیوەندییەک، کە تووڕەیی و کاردانەوەی توندی لایەنگرانی ئایدیای “پان عەرەبی” و هەروەها موسوڵمانە بناژۆخوازەکانی بەدواوە بووە.
قەتەر هەروەها یەکێک لە پشتیوانانی گروپی فەلەستینی حەماسە، گروپێک، کە لە روانگەی میسر و سعودیە و تەنانەت ئیسرائیل، پەیوەندییەکی نزیکی بە ئیخوانەکان و تەنانەت قاعیدەوە هەیە. کاردانەوەی توندی شێخەکانی عەرەب، ئەو کاتەی زیاتر دەردەکەوێ، کە سەرنجی ئەم خاڵەش بدرێت، کە ئەم گروپە سوننانە لە لایەن ئێرانی شیعەوە پاڵپشتی و یارمەتی دەکرێن. ئەم وڵاتانە سەبارەت بەم جۆرە پاڵپشتییەی ئێران رەش بینن و وەکوو ساتوسەودایەکی شەیتانی لێی دەڕوانن. بەرپرسانی سعودیە جەخت دەکەنەوە، کە ئێران لە دوای هێرشە تیرۆرستییەکانی 11ی سێبتەمبەر بۆ سەر ئەمریکا، داڵدەی گەورە بەرپرسان و سیماناسراوەکانی قاعیدەی داوە.
پیلان و ئەو خەونە ئاڵۆزانەی، کە ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بینیویەتی، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ رووخانی رژێمی پاشایەتی و ساڵی 1979، دوای ئەوەی، کە شۆرشی ئێران سەرکەوت. ئەم پیلانانە بە شێوەی جیاواز دەرکەوتووە. بۆ نموونە، بەپێی بەڵگەنامەکان، حوسنی موبارەک، سەرۆککۆماری پێشووی میسر، دە ساڵ بەر لە ئێستا، سەبارەت بە فراوانخوازی و تموحی ئێران لە کۆنتڕۆڵکردن و خستنە ژێر رکێفی وڵاتانی عەرەبی لە کەنداوەوە بگرە تا مەراکیش، هۆشداری داوە.
قەیرانی سوریا و شەڕی ناوخۆ لەم وڵاتە، فاکتەرێکی دیکەی کێشە و ململانێکانە. لە روانگەی شێخەکانی عەرەبەوە، سەرهەڵدانی داعش و رۆڵی دیاری ئێران لە عێراق و سوریا، هاوسەنگی هێزی لە ناوچەکە لاسنەگ کردووە. جەنەڕاڵ محمود فریحات، فەرماندەیەکی سەربازی باڵای ئۆردن، ئەم دواییانە رایگەیاند “ئێران هەوڵی داوە بە رێگەی عێراق و سوریا، پشتێنەیەکی ئەمنی لە نێوان خاکی خۆی و لوبنان پێکبێنێ.
شەڕی یەمەن، نمونەیەکی دیکە لە ململانێی ناوچەیی، بۆ باڵادەستی لایەنەکانە. لە وڵاتێکدا، کە شوناسی فیرقەیی و تایفی بەها و گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، ئێستا حوسییەکان وەک کەمینەیەکی شیعە لە بەشێک لە خاکی ئەم وڵاتە دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە و هێزەکانی قاعیدەش بەشێکی دیکەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە. ئێران و سعودیە یەکتر بە پڕچەککردن و پاڵپشتیکردنی لایەنەکانی شەڕی ناوخۆی یەمەن تۆمەتبار دەکەن.
پرسیارێک، کە دەبێ وەڵامی بدرێتەوە، ئەمەیە: بۆ لە ئیستادا ئەم دوژمنایەتی و ململانێە زەقتر و بەرچاوترە؟
یەکەم: بە پێی راپۆرت و زانیارییەکان، سعودیە زۆر بێ تاقەتە، هۆیەکەشی رێککەوتنێکە، کە بەو پێیە قەتەر توانیویەتی لە مانگی ئەپریل نزیک بە 30 کەس لە هاوڵاتیانی خۆی لە عێراق ئازاد بکات. ئەگەر چی وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە ئاشكرا نەبووە، بەڵام دەگوترێ ئێران و گروپە جیهادییەکانی سوریا لەم رێککەوتنە زۆرترین سودیان بینیوە. دوای ئەم رێککەوتنە، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی لە دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک جانتا کرد، کە بە سەدان ملیۆن دۆلاری تێدابووە. ئەگەرچی وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی کردەوە، کە لە گەڵ هیچ گروپێکی چەکدار لە دەرەوەی بازنەی سەروەری دەوڵەتی عێراق دانوستانی نەکردووە، بەڵام سعودیە هیچ کات باوەڕی بەم لێدوان و روونکردنەوەیە نەهێنا.
دواتر بابەتی هاککرانی ئاژانسی هەواڵنێری فەرمی قەتەر لە 23٣ی مانگی مەی و بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی هەستیار هاتە ئاراوە، کە تیایدا هاتبوو: دوژمنایەتی لە گەڵ ئێران هیچ پشتیوانەیەکی لۆژیکی تێدا نییە. میدیاکانی سعودیە و ئیمارات بەرامبەر بەم راپۆرتە کاردانەوە و هەڵوێستی توندیان هەبوو.
فاکتەرێکی دیکەی توندتربوونەوەی ململانێکان، ئەمریکایە. سعودیە زۆر رای لە سەر ئیدارەی باراک ئۆباما نەبوو و متمانەیەکی ئەوتۆی پێنەدەکرد. بە تایبەت دوای ئەوەی، کە ئەمریکا حوسنی موبارەک، هاوپەیمانی شێخەکانی عەرەبی لە دەسەڵات دوورخستەوە و لە پەیوەندی لە گەڵ چالاکیە ئەتۆمیەکانی ئێران، لە گەڵ تاران گەیشتە رێککەوتن. لێرەوە بوو، کە ئەم هەستە لای وڵاتانی عەرەبی دروستبوو، کە لە سیاسەتی دەرەوە و ناوچەیی ئەمریکا پەراوێز دەخرێن.
کۆی ئەم فاکتەرانە، بوونە هۆی ئەوەی، کە جیلی سیاسی نوێی ریاز بڕیار بدەن، کە سیاسەتێکی توندتر و هێرشبەرانەتر بەرامبەر بە ئێران بگرنە بەر. قەتەر یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم گٶڕانکارییە بوو. بە بۆچوونی ژمارەیەک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی، سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە، هاندەرێکی سەرەکی بووە لەم بێ باکییەی، کە بەرامبەر بە ئێران و قەتەر گرتوویانەتە بەر.
پێشوازی دۆناڵد ترەمپ لە باڵی توندڕەوی دەسەڵات لە سعودیە، هەڵگری پەیامێک بۆ تاران بوو، کە گۆڕانکارییەکانی ئێران، بە تایبەت هەڵبژێرانی سەرلەنوێی روحانی بۆ پۆسی سەرۆککۆماری، هیچ جۆرە شوێندارییەکی لە سەر سیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمریکا و سەرۆکەکەی نابێت. ترەمپ بە روونی لە کۆبوونەوەکەی ریاز ئەم پەیامەی ئاراستەی تاران کرد و رژێمی ئێران بە سپۆنسەری سەرەکی تیرۆریزم و نائارامی لە ناوچەکە وەسفکرد.
هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە بۆ سەر پەرلەمان و مەزارگەی خومەینی، کە دواتر داعش بەرپرسایەتیەکەی گرتە ئەستۆ، هێرشێکی سیمبۆلیک بوو بۆ سەر هێماکانی گەورەترین حکومەتی شیعە. سوپای پاسداران رایگەیاندووە، کە ئەم هێرشە دوا بە دوای سەردانەکەی ترەمپ بۆ سعودیە، ئەنجام دراوە و پەیوەندی بە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا و سەرانی وڵاتانی عەرەبی و هاوپەیمانی سعودیەوە هەیە. ئەم لێدوان و روانینەی سوپای پاسداران، وەک سووتەمەنی وایە بە سەر ئاگری شەڕ و ململانێکاندا بکرێت، دەبێ چاوەڕیی رەوتی رووداوەکان بین.