نوچەنێت
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی ئه‌رێنی بووه و داواشكراوه بوار به‌ڕه‌خسێنن ره‌وه‌ندی كوردی له ده‌ره‌وه به‌شداری له ریفراندۆمدا بكه‌ن. دەشڵێت “گه‌لی كوردستان خاوه‌ن هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیه‌تی و بۆیه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان مافی هه‌یه بڕیار بدات له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووی خۆی”.
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان، فوئاد حسێن ده‌ڵێت “له فه‌رمانه‌كه‌دا، مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان بڕیاریداوه، كه راپرسی له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت و له راپرسیه‌كه‌دا پرسیار له‌وه بكرێت، كه ئایا ده‌ته‌وێ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ببێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ؟ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی راسپێردراوه، كه كار بكه‌ن بۆ ره‌خساندنی بواری به‌شداریكردنی ره‌وه‌ندی كوردستانی له ده‌ره‌وه له‌م پرۆسه‌یه‌دا”.
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گوتیشی “سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م فه‌رمانه‌ی ده‌ركردووه به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پشتبه‌ست به بنه‌مای مافی چاره‌ی خۆنوسین، كه مافێكی دانپێنراوه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌وپێیه‌ی گه‌لی كوردستان خاوه‌ن هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیه‌تی له رووی خاك و زمان و كلوور و مێژوو و شوناس و گشت بنه‌ماكانی پێناساندنی وه‌ك گه‌لێك، بۆیه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان مافی هه‌یه بڕیار بدات له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووی خۆی”.
فوئاد حسێن دەڵێت، بارزانی ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو، كه گه‌لی كوردستان هه‌ر له درووستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه خه‌باتی كردووه بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی و بۆ پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاشتیانه له‌گه‌ڵ گه‌لانی تری عێراقی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان چه‌ندین به‌ڵێن و به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقه‌وه پێشكه‌ش كراون، به‌ڵام له ئه‌نجامدا هه‌موویان پێشێل و پشتگوێ خراون و وه‌ڵامی داواكارییه‌كان بۆ گه‌یشتن به مافه ره‌واكان به ئاگر و ئاسن دراونه‌ته‌وه و گه‌لی كورد تووشی نه‌هامه‌تی هاتووه، وه‌ك جینۆساید‌كردن له‌ژێر ناوی ئه‌نفال، و راگواستنه‌وه و نیشته‌جێكردنی زۆره‌ملێ، خاپووركردنی گوند و ئاواییه‌كان و ژێرخانی ئابووری و به‌كارهێنانی گازی ژه‌هراوی قه‌ده‌غه‌كراو له دژی خه‌لكی سیڤیل بووه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گوتیشی، بارزانی له فه‌رمانه‌كه‌دا باسی له‌وه كردووه، كه له دوای پرۆسه‌ی رزگاركردنی عێراق له ساڵی 2003 و هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراتی و فره‌حزبی له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كێتییه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه، كه تێیدا مافی هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزراو بێت، گه‌لی كوردستان سه‌ره‌ڕای نه‌هامه‌تی و قوربانیدان به‌شدارییه‌كی كارای كرد له بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ و دانانی ده‌ستوورێك، كه مافی پێكهاته‌كان پارێزراو بێت. به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ، عێراق هێشتا پڕه له پێشێكاری ده‌ستوور و گرنگترین پایه‌كانی فیدراڵی، كه دابه‌شكردنی داهات و دیاریكردنی سنووری هه‌رێمه جێبه‌جێ نه‌كراون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بودجه‌ی هه‌رێم بڕدراوه و مادده‌ی 140ی ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئه‌نجومه‌نی فیدرالیش دروستنه‌كراوه، كه ئه‌وانه هه‌موویان پێشێلكاریی ده‌ستوورین و به‌پێی دیباجه‌ی ده‌ستور ئاماژه دراوه، به‌وه‌ی (پابه‌ندبوون به‌م ده‌ستووره یه‌كێتیی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی عیراق و گه‌له‌كه‌ی و خاكه‌كه‌ی و سه‌روه‌ریه‌كه‌ی ده‌پارێزی)، بۆیه به‌پێچه‌وانه‌وه پێشێلكردنی ده‌بێته هۆی لێكترازان.
ناوبراو دەشڵێت، له فه‌رمانه‌كه‌دا هاتووه، به‌هۆی به‌رده‌وامی حكومه‌ت و سه‌ركردایه‌تی سیاسی عێراق له‌سه‌ر سیاسه‌تی پێشێلكردنی ده‌ستور و پشتگوێخستنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و دوابه‌دوای راوێژ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان بڕیارماندا، بگه‌ڕێینه‌وه بۆ را و ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌ن له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووی خۆیان به ئه‌نجامدانی ئه‌م راپرسییه.