نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوان ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ عەبادی نەکردووە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە و دەڵێت “ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە”.
ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە باس لەوە دەکەن پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنیان ھەیە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2017 ی عێراق، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد و دەنگی بەیاساکەنەدا و رایگەیاند “کە پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2017ی عێراق لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.عەرەفات کەرەم سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی، کە باس لە رێککەوتنی فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ عەبادی دەکات رایگەیاند: پارتی ھیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا نییە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە، ئەگەر رێککەوتن بکرێت لە نێوان ھەردوو حکومەتدا دەکرێت، نەک حزب و فراکسیۆنەکان، بۆیە ئەوەی دەگوترێت دوورە لە راستییەوە.
عەرەفات کەرەم لەبارەی هۆکاری دەنگنەدانیان بەیاسای بودجەی عێراق گوتی “ئێمە باوەڕمان بە یاسای بودجەی عێراق نەبوو، چونکە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانمان تێدا بەدی نەدەکرد، دەنگدانی لایەنەکانی دیکەش بەیاساکە بۆ موزایەدەی سیاسی بوو. هەروەها دەرکەوت پەسەندکردن و پەسەندنەکردنی وەکو یەک بوو.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت “ئەوانەی لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە، ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە بۆ موزایەدەی سیاسییە، باشتر وابوو کوتلە کوردستانییەکانی دیکەش دەنگیان بەیاساکە نەدایە و یەکھەڵوێست بوونایە، بۆئەوەی سکاڵاکەلە دادگا ببوایە بە پرسێکی نەتەوەیی”.