نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی تارانی کرد و رایگەیاند، تیرۆر دوژمنی هاوبەشی گەلانی ناوچەكەیە و دژی هەموو بەها ئاسمانی و مرۆڤایەتیەكانە.
لە راگەیێندراوەکەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “زۆر بە تووندی ئیدانەی پەلامارە تیرۆرستییەکەی رۆژی چوارشەممە 7-6-2017-ی شاری تاران دەكەم. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە گەل و حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و كەسوكاری قوربانیانی ئەو كردەوە تیرۆرستییە دەكەم”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی وڵاتانی پێویستە و ئەركی سەر شانی هەموو لایەكە. دەشڵێت “گەلی كوردستان كە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆرە لە سەنگەری پێشەوەی دژایەتیكردنی تیرۆرە. هیوادارم بە هەماهەنگیی هەموو لایەك تیرۆر بنبڕ بكرێت و ناوچەكە و جیهان لەو دوژمنە دڕندەیە رزگار ببن”.